چاڵه‌كان حازرن و بارانیش باریوه
ده‌ست به چاندنى دارستانه ده‌ستكرده‌كه‌ى پشده‌ر ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دارستان و پاوانى راپه‌ڕین ده‌ڵێت، نه‌مامى پێویستیان بۆ داچاندنى دارستانه نوێیه‌كه‌ى پشده‌ر دابینكردووه و له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به چاندنیان ده‌كه‌ن.
دارستانه نوێیه‌كه، ده‌ستكرده و له‌سه‌ر پارچه زه‌وییه‌كى 25 دۆنمى له نزیك شه‌قامى 60 مه‌ترى رانیه دروستده‌كرێت، به‌شێكه له‌و دارستانانه‌ی كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر رووبه‌رى 500 دۆنم زه‌وى له شوێنى جیاجیاى ئیداره‌ى راپه‌ڕین دروستی بكات.
ئیسماعیل محه‌مه‌د ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى دارستان و پاوانى راپه‌ڕین به 964ـى راگه‌یاند، نه‌مامى پێویستیان ئاماده‌كردووه بۆ ده‌ستكردن به چاندنى دارستانه‌كه و به‌پێی پلانه‌كه‌یان له هه‌ر دۆنمێكدا هه‌زار و 250 نه‌مام ده‌چێندرێت.
وتیشی “پێشتر چاڵ بۆ نه‌مامه‌كان ئاماده‌كرابوون و چاوه‌ڕێی بارینى بارانێكمان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به چاندنه‌كه بكه‌ین”.
ئه‌و جۆره نه‌مامانه‌ى له‌و دارستانه ده‌ستكرده ده‌چێندرێن، بریتین له سنه‌وبه‌رى زاوێته و ئه‌ریزۆنیكا.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پێشتر جوتیاران له‌سه‌ر ئه‌و پارچه زه‌ویه‌ى دارستانه‌كه‌ى له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن به‌شێوه‌ى سه‌رپێچی گه‌نمیان لێده‌چاند و زۆرجاریش به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه له گه‌نمه‌كان مه‌ترسیان دروست ده‌كرد “بۆیه به‌باشمان زانى بیكه‌ینه داستان”.