هه‌ڵبژارده‌ی باسكه‌ی كوردستان پێكهێنرا و زۆرینه‌یان زاخۆیین

964+
شڤان عه‌بدوڵڵا – زاخۆ

هه‌ڵبژارده‌ی باسكه‌ی كوردستان پێكهێنراوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یاری ده‌كات، راهێنه‌ر و زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانی له‌ یانه‌ی زاخۆوه‌ ده‌ستنیشانكراون.

فیدراسیۆنی باسكه‌ی كوردستان، پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانی دیاریكرد، كه‌ له‌ 14 یاریزان پێكهاتوون.

هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌ نیازه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ شاری دهۆك ئه‌نجامبده‌ن.

جووتیار عه‌لی، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانه‌، كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا راهێنه‌ری یانه‌ی زاخۆیه‌.

له‌ پێكهاته‌كه‌دا پێنج یاریزانی زاخۆ بانگهێشتكراون، به‌مه‌ش زۆرینه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ پێكده‌هێنن.

جووتیار عه‌لی بۆ تۆڕی 964 وتی “ئێمە هەڵبژاردەی باسكه‌ی کوردستان ئامادە دەکەین، بۆ ئەوەی ئەگەر پاڵه‌وانیه‌تی هه‌رێمه‌كان سازبكرێت، ئێمه‌ش به‌شداری بكه‌ین و نوێنه‌رایه‌تی كوردستان بكه‌ین”.

وتیشی، شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق یارییه‌كی دۆستانه‌ له‌ دهۆك ده‌كه‌ین.
بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی باسكه‌ی عێراق بگه‌نه‌ زاخۆ و دوو رۆژ له‌وێ مه‌شق بكه‌ن، دواتر روو بكه‌نه‌ دهۆك و له‌وێ له‌گه‌ڵ كوردستان یاری بكه‌ن.

جووتیار عه‌لی ده‌ڵێت، له‌ قۆناغی داهاتوودا یاریزانی دیكه‌ش بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌كه‌ ده‌كه‌ین و سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت بزانین ئاستی تیپه‌كه‌ چۆن ده‌بێت.

یاریزانه‌ بانگهێشتكراوه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی باسكه‌ی كوردستان ئه‌مانه‌ن:

جگه‌ر عه‌لی، موراد عه‌لی، موهه‌ننه‌د عه‌بدولكه‌ریم، عیمران ئیبراهیم، زنار هه‌شیار (یانه‌ی زاخۆ)، محه‌مه‌د عه‌بدولخالق، كه‌یهان سیروان (یانه‌ی قه‌ڵا)، خالید سوڵتان (یانه‌ی سیروانی نوێ)، رێكان عوسمان (یانه‌ی سۆلاڤی نوێ)، فه‌رید ره‌عد (یانه‌ی دهۆك)، دابان قاسم (یانه‌ی هێرش)، ره‌زوان شاكر (یانه‌ی ئاسۆ)، دیاری ئه‌ركان (یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان).