بیانوو دەدۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان
964+
هێمن بەکر
میدیایەکی نزیک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی دەستیان هەبووبێت لە هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری ئەسفەهان.
درەنگانێکی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی پێشوو، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کارگەیەکی سەربازیی ئێران لە شاری ئەسفەهان، بە قسەی سوپای ئێران، دووانیان خستبووە خوارەوە و سێیەمیان خۆی کێشابوو بە کارگەکەدا.
بە وتەی بەرپرسانی ئێران، ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیانی مادیشی کەم بووە.
لە بڵاوکراوەکەی نور نیوز، کە نزیکە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، باس لەوەکراوە، پارچەکانی ئەو سێ درۆنە لەلایەن “حزبە کوردییە دژەکانی کۆماری ئیسلامی” بردراونەتە ئێران و دواتر لەیەک بەستراونەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو حزبانە و ئەندامەکانیان هەرێمی کوردستانە.
لە ماوەی چوار مانگی رابردوو، ئێران لانیکەم سێجار هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.