سەرەتا لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە دەستپێدەکات
شارەوانی کەلار دەیەوێت ئاوی قورسی گەڕەکەکانی چارەسەر بکات
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شارەوانی کەلار لە رێگەی دروستکردنی وێستگەیەکەوە دەیەوێت پاڵاوتن بۆ ئاوەڕۆی گەڕەکەکان بکات، بۆ ئەوەی ژینگەی رووباری سیروان پیس نەکات، سەرەتاش لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە دەستیان پێکردووە.
دلێر حوسێن، بەرپرسی بەشی پڕۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ـى وت، ”ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی دروستکردنی وێستگەی چارەسەری ئاوی قورس، سیمینارێکی بۆ ئەندازیارەکانی نەخشەدانان و وەبەرھێنان ئەنجامدا کە سەرپەرشتی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکەن”.
“ئاوەڕۆی کەلار دەڕژێتە ناو ئاوی رووباری سیروانەوە، ئەمەش ئاوی رووبارەکە پیس دەکات، ئامانجمان ئەوەیە ئاوەڕۆی قەزاکە بەو شێوەیە نەڕژێتە رووبارەکەوە، سەرەتاش لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەستمان پێکردووە” دلێر حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون سەرکەوتوبوو، پلانمان داناوە و جێگامان تەرخانکردووە، وێستگەیەک بۆ پاڵاوتنی ئاوەڕۆی ھەموو گەڕەکەکانی کەلار دروستبکرێت، دواتریش بۆ سەوزایی و کۆمەڵێک بابەتی دیکە بەکاربھێنرێتەوە، ئەوکاتە ژینگەی رووباری سیروانیش پاک دەبێتەوە.
دلێر حوسێن وتیشی، ”کۆمپانیایەک لە ئێرانەوە ھاتوون و لەگەڵ چەند کومپانیایەکی تر سەرقاڵی دیزاینکردنی وێستگەکەن، بەپێی خەمڵاندن پڕۆژەکە نزیکەی 20 ملیۆن دیناری تێدەچێت”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر