دوو دیداری بەرچاون
مێری سبەینێ یە و دیداری سلێمانی خرایە مانگی نیسان
964+
ئەحمەد مستەفا
لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دیدار و گردبوونەوەی ئەکادیمی و لێپرسراوان هەن چاویان لەسەرە، لەوانە مێری و دیداری سلێمانی، بڕیارە سبەینێ دیداری مێری کارەکانی دەستپێ بکات، هاوکات دیداری سلێمانی کە ساڵانە لە مانگی ئازار دەکرا بۆ مانگی نیسان دواخراوە.
رۆژانی 29 و 30.10.2024، دیداری مێری، بە دروشمی “بەرەو حوکمڕانی دروست و خۆشگوزەرانی” لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکومی و حیزبی بەشدار دەبن، جگە لە ئاستی عێراقی و نێودەوڵەتی، دیداری مێری چواردە پانێڵ لە ماوەی دوو رۆژدا لە خۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، پەیمانگای توێژینەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی IRIS کە کارەکانی دیداری سلێمانی بەڕێوەدەبات، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، بە خۆشحاڵیەوە IRISو زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی رایدەگەیەنن کە دیداری سلێمانی لە 16 و 17.4.2025 بەڕێوەدەچێت.
دیدارەکە ساڵانە نەریتی بوو لە مانگی ئازار بەرێوەدەبرا، بەڵام ئەمساڵ خراوەتە مانگی نیسان، لە ئامجی دیدارەکە روونکراوەتەوە، بڕیار بە دەستانی سیاسی و سەرکردانی بیرمەند لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکان کە رووبەڕووی عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێتەوە.