لە قوتابخانەیەکی دهۆک زۆرترین خاوەن پێداویستی تایبەت دەخوێنن
964+
هەژین فەتاح – دهۆک
لە قوتابخانەیەکی دهۆک 78 خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت شانبەشانی 636 خوێندکاری دیکە دەخوێنن و مامۆستای راهێنراو وانەیان پێدەڵێنەوە.
لەکۆی 714 خوێندکاری قوتابخانەی هەندرین لە دهۆک، 78 خوێندکاریان خاوەن پێداویستی تایبەتن، سەبری عەلی، بەرێوەبەری قوتابخانەکە بە تۆڕی964ی وت: فێرکردنی ئەم قوتابیانە گرنگی و تایبەتمەندی زیاتری دەوێت، بۆیە مامۆستاکانمان بەشداری خولی تایبەت بوون.
خولەکان لەلایەن رێکخراوی SKL و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دهۆک ئەنجامدراون و مامۆستاکان دەڵێن، خوێندکارەکان فێردەکرێن باشتر لەگەڵ کۆمەڵگا تێکەڵ بن و هەست بە کەموکورتی نەکەن.
لە دهۆک 240 قوتابخانە هەن، بەشێکیان خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت لەخۆدەگرن، بەڵام قوتابخانەی هندرێن زۆرترین خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت فێردەکات.
قوتابخانەکە خوێندکاری قۆناغی یەکەم تا قۆناغی شەشەمی هەیە و منداڵانی توشبووی ئوتیزم، نابینا، نابیست و شەلەل تێدا دەخوێنن. سنور مێڤانی تەمەن حەوت ساڵ، قوتابیەکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەم قوتابخانەیە دەخوێنێت، ئەو دەڵێت: هەڵسوکەوتی ماموستایان و هاورێیان زور باشە لەگەڵ ئێمە، ئەوان هیچ جیاوازی ناکەن و من زۆر شت فێردەبم.