ئەمە چیرۆکی رەشیدە

بەردەم مزگەوتی کێخوا مەمەندی کردووە بە گوڵ و گوڵزار

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

گەنجێکی قەزای کۆیە لە پاڵ کارکردن لە مزگەوتی کێخوا مەمەندی کۆیە، بە درێژایی 300 مەتر دورگەی ناوەندی بەردەم و تەنیشتی مزگەوتەکەشی کردووە بە گوڵ و گوڵزار.

بەردەم مزگەوتەکە دوو سایدە، ئەو لەسەر ئەرکی خۆی و وەک کارێکی ژینگەیی چەندین گوڵی جیاواز و داری چاندووە.

گەنجەکە ناوی رەشید زاهیرە، لەگەڵ ئەو کارەدا، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی مزگەوتەکەی لە ئەستۆیە، کە مسوڵمانان بۆ نوێژ و بۆنە ئاینییەکان لێی کۆدەبنەوە، وەک حەز و سەلیقەی خۆی ئەوکارەی کردووە، هەرکەس بەناوەدا دێت و دەچێ چێژ لەو دیمەنانە دەبینێ.

رەشید زاهیر بە 964ی وت، کاری من خزمەتی مزگەوتەکەیە، بەڵام وەک حەز و سەلیقەیەکی خۆم حەزم کرد تەواوی بەردەمی ئەو مزگەوتە بکەمەوە گوڵ و گوڵزار، لە ئێستادا تەنیا 300 مەتر گوڵ و دارم چاندووە، لە داهاتوودا زیاتریشی دەکەم.

ئەو، سێ جۆری گوڵی چاندووە ئەوانیش بە چەند جۆرێک و رەنگێکی تر گەشەیان کردووە، دیمەنی جوانی ئەو گوڵانە وایکردووە ئەو خەڵکەی دێتە ئێرە تەواو دڵیان پێی خۆشە و چێژی لێ دەبین، ئەو جۆرە گوڵێکی قەیفەی چاندووە، دەڵێ خەڵک زۆر حەزی پێ دەکەن و هەندێک جار لێی دەکەنەوە و دەیبەن.

مزگەوتی کێخوا مەمەند لە کۆیە، ناوێکی دیاری شارەکەیە و نزیک ژمارەیەک فەرمانگەی شارەکە لەوانەش بانکی کۆیە، لە رووی جوگرافیی دەکەوێتە دووسایدی هەناری قەزاکە کۆیە، لە نێوانی گەڕەکی ئازادی و گەڕەکی زانکۆ بناغەکراوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا