ئەنجامەکان چۆنن؟

زیاتر لە 18 هەزار (نەخوێندەوار) لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیان دا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، زیاتر لە 18 كەس دەنگیان دا، كە وەك نەخوێندەوار خۆیان ناونووس كردووە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2024 دەكەن، ئاماری دەنگدانی تایبەتی بۆ تۆڕی 964 خستەڕوو، تێیدا دەردەكەوێت 18 هەزار و 664 كەس وەك “نەخوێندەوار” دەنگیان داوە.

لە بەرامبەردا 189 هەزار و 857 كەس وەك “خوێندەوار” دەنگیان داوە.

ئەمە لە كاتێكدایە ژمارەی دەنگە پوچەڵەكان بە پێی ئەنجامی نافەرمی، 29 هەزار و 441 دەنگە لە كۆی 80%ی دەنگی جیاكراوە.

لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، بە قسەی بەرپرسانی كۆمیسیۆن، كە لە میدیاكان بە ئاشكرا باسیان كرد، بەشێكی بەشداربووان بە دروستی نەیانزانیوە چۆن دەنگ بدەن و مۆری دەنگدانەكە چۆن لەسەر فۆڕمەکە بەكاربهێنن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكیش لەوانە دەنگەكانی خۆیان بە مەبەست سووتاندووە و دەنگیان بە هیچ لایەن و كاندیدێك نەداوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی بۆ 964 نێردراوە، 208 هەزار و 521 كەس دەنگیان داوە، لە كاتێكدا 215 هەزار و 960 كەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەڵێت، رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت 97% بوو.

دوێنێ هەینی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، سبەی یەكشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

زۆرینەى هاوڵاتیان بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن

زۆرینەى هاوڵاتیان بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن