دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە

“زەیدی” داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کردووە

فەرهاد حەسەن

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانیدا بە بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن ئەمریکا و سعودیەوە کرانە سەر چەند ناوچەیەکی عێراق.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سعودیە ئەنجامدراون و ئامانجیان “میلیشیاکانی لایەنگری ئێران” بووە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی عێراق.

ئەمریکاش دەڵێت، ئەمە وەڵامێک بووە بۆ زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی کە لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا کراونەتە سەر خاکی سعودیە.

لایخۆشیەوە، ریاز بە فەرمی بەشداریی خۆی لە هێرشەکاندا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە ئامانجەکان پەیوەندیدار بوون بەو هێرشانەی کراونەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانیان.

ئەم هێرشە بە یەکەم بەشداریی سەربازیی راستەوخۆی سعودیە لە ناو خاکی عێراق دادەنرێت لە دوای جەنگی کەنداوی دووەم لە ساڵی 1991، کاتێک سعودیە بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی سوپای سەدام حوسێن لە کوەیت.

ئەم هەنگاوەی ریاز کە پێشتر بە “دان بەخۆداگرتنێکی زۆر” ناسرابوو، بە وەرچەرخانێکی گەورە لە پەیوەندییەکاندا دادەنرێت، بەتایبەت کە بڕیار بوو سەرۆک وەزیرانی عێراق بەم نزیکانە سەردانی سعودیە بکات.

بەپێی زانیارییەکانی شایەتحاڵەکان، هێرشەکان پێگەی گروپە چەکدارەکانیان لە چوار پارێزگای عێراق کردووەتە ئامانج، کە بریتین لە کەربەلا، بەسرە، نەینەوا و واست، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە چەند سەربازگەیەک لەسەر سنووری عێراق – ئێران بۆردومان کراون.

سەبارەت بە کاردانەوەی فەرمی عێراقیش، شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، کە سەرۆک وەزیران چاودێریی وردی پەرەسەندنە ئەمنییەکان دەکات و دوای کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ، بەیاننامەیەکی تێروتەسەل دەربارەی وردەکاریی رووداوەکان و بڕیارە نوێیەکانی حکومەت بڵاودەکاتەوە.