"بەرتیلی وەرگرتووە"
ویستی دەستگیرکراوان ئازاد بکات بەڵام خۆی کەلەپچە کرا
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی بەرتیل وەرگرتن لە کەسوکاری ئەو کەسانەی بە تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت لە کەرکوک دەستگیرکراون، کەسێک دەستگیر کرا.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، مەفرەزەکانمان لە کەرکوک توانیان کەسێک دەستگیر بکەن کە تێوەگلاوە لە ئیستغلال کردن و بەرتیل وەرگرتن لە خێزانی ئەو کەسانەی لە پەیوەندی لەگەڵ کەیسەکانی بە قاچاخبردنی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکور دەستگیر کرابوون”.
“تۆمەتبارەکە بانگەشەی ئەوە کردوو کە دەتوانێت دۆسیەی دەستگیرکراوەکان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا چارەسەر بکات”، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەست بەسەر پێنج مۆبایلدا گیراوە کە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی بەکاریهێناون.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، تۆمەتبار رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کراوە و رووبەڕووی رێوشوێنی یاسایی توند دەبێتەوە.