16 ملیار دیناری تەرخانکردووە
عێراق چەکی بچوک دەداتە هاوڵاتییەکانی و مامناوەند دەکڕێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق فۆڕمی کڕینی چەکی قەبارە مامناوەند لە هاوڵاتیانی عێراقی کارا دەکات، لە قۆناغی یەکەمیشدا ژمارەی ئەو کەسانەی ناویان تۆمارکردووە کارتی چەک هەڵگرتنی بچووک-یان هەبێ، گەیشتووەتە 13 هەزار کەس.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە هەڵمەتەکەیدا بۆ کڕینەوەی چەکی مامناوەند لە هاوڵاتییەکانی، 16 ملیار دیناری تەرخانکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.10.2024، لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتەکەدا، مەنسور عەلی، سکرتێر و بڕیاردەری لیژنەی رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، چەند قۆناغێک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دانراوە کە یەکەمیان تۆمارکردنی چەکەکان بوو، ئەمەیان سەرەتای ئەمساڵ دەستیپێکرد و 13.12.2024 کۆتایی دێت.
وەزارەتەکە، رێگە پێدان بۆ سەرۆکی خێزان دەکات، لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکەوە چەکێکی سووکی وەک دەمانچە یان کڵاشینکۆفی هەبێت و لە شارەکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، 697 بنکە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە، مەرجەکانیشی ئەوەیە کە دەبێت تەمەنی 25 ساڵی بەرەوە سەرەو بێت، لە رووی دەروونی و تەندروستییەوە کێشەی نەبێت، وە هیچ تۆمارێکی تاوانکاری لەسەر نەبێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی چەکی نیشتمانی عێراق کە ئامانجەکەی کۆنترۆڵکردنی جوڵەی چەک و گەیشتنە بەو شوێنانەی چەک و بەتایبەتی ئەو چەکانەی دزراون لە کاتی هێرشە تیرۆریستییەکان لە پارێزگاکان لە ساڵی 2014، بانکەکە توانیویەتی بەدواداچوون بۆ هەموو چەکەکان بکات و دەستیان پێ بگات و تۆماریان بکات، جا سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت، ناوخۆ، دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، هۆزەکان یان دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بن.