دوویان گیانیان لەدەستدا و یەکێکیان بریندارە
لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە دهۆک سێ کریکار کەوتنە خوارەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە سەنتەری دهۆک سێ کرێکار لە شووقەی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتنە خوارەوە و دووانیان گیانیان لەدەستدا و ئەوەی تریشیان بریندار بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.8، لە گەڕەکی شاخکێ لە سەنتەری شاری دهۆک، لەیەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کاتی کارکردنیان سێ کرێکار کەوتنە خوارەوە و دووانیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
د.فەرمان عەلی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی بە 964ـی وت، دوو لە کرێکارەکان لە شوێنی رووداوەکە گیانییان لەدەستدا بوو، تەرمەکانیان ئێستا لە پزیشکی دادی دهۆکە و پشکنینیان بۆ دەکرێت و دواتر رادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە.
وەلات ئۆزمان، بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکاران لقی دهۆک بۆ 964 وتی، سێ کرێکار لەکاتی کارکردنییان لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەونتە خوارەوە و دەستبەجێ دووانیان گیانییان لەدەستداوە، کرێکارەکەی دیکەش بەسەختی بریندار بووە و لە ژێر چاودێری پزیشکداییە.
وتیشی، هەر سێ کرێکارەکە خەڵکی دهۆکن و تەمەنییان لە نێوان 25 بۆ 35 ساڵیدایە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر