78 قوتابخانەی لێیە
بەهۆی گەڕانەوەیان لە ئاوارەیی ژمارەی قوتابیان لە شنگاڵ زیادی کردووە
964+
هیڤی دێوالی- دهۆک
بۆ وەرزی ئەمساڵی خوێندن، ژمارەی قوتابیان لە قەزای شنگال زیادی كردووە و 78 قوتابخانەش دەرگایان كراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان لە ئاوارەیی گەڕانەوە.
لە قەزای شنگاڵ بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە، ئاوارەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لە ماوەی ئەو دوو سێ ساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر گەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7.10.2024 ، مەیسەر حەجی ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای شنگاڵ بە 964ـی وت، “ئەمساڵ زیاتر لە هەشت قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە دەڤەرەکەمان کرانەوە و ژمارەی قوتابیان زیادی کردووە”.
وتیشی، هاوینی ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری ئاوارەکان گەڕانەوە لەسەر زێدی خۆیان و نیشتەجێ بوون، ئێستا زیاتر لە 20 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی قەزای شنگالدا دەخوێنن.
کتێبی نوێ و بڕی پێویست بۆ قوتابیان دابین کراوە، هەروەها هەمووان کتێبی چاپی نوێیان وەرگرتووە، مەیسەر حەجی ساڵح وای وت.
قەزای شەنگاڵ لە سێ ناحیە پێکدێت، ناوەندی شەنگاڵ، سنوونێ و قەیرەوان.
بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش لە 2014، بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی قەزای شنگال و قەزا و گوندەكانی دەوروبەری ئاوارەی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون و كەمپیان بۆ كرایەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پەیتا پەیتا خەڵكەكە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا