"كه‌مپى ئاواره‌كان تا كاتێكی نادیار داناخرێن"
بەشێکی ئاواره‌کانى شنگال گه‌ڕاونه‌ته‌وه و 4 ملیۆن دیناره‌كه‌ى حكومه‌تی عێراقيان وه‌رنه‌گرتووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌شێك له ئاواره گه‌ڕاوه‌كان بۆ شنگال تاوه‌كو ئێستا ئه‌و چوار ملیۆن دیناره‌ى حكومه‌تى عێراقیان وه‌رنه‌گرتووه كه بڕیاری دابوو له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدى خۆیان بیداته هه‌ر خێزانێك، كۆچ و كۆچبه‌رانى دهۆكیش ده‌ڵێت، بڕیارى مانه‌وه‌ى كه‌مپه‌كان تاوه‌كو كاتێكی نادیار درێژكراوه‌ته‌وه.
به‌پێی ئامارێكی فه‌رمى كه به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى كۆچ كۆچبه‌رانى دهۆك به 964ـى داوه، تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا 20% ـى ئاواره‌كانى شنگال و ده‌وروبه‌رى گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێد و ماڵى خۆیان و 80% یان تاوه‌كو ئێستاش هه‌ر له كه‌مپه‌كانن.
پیردیان جه‌عفه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌م به‌ڕێوه‌بەرایه‌تییه، به 964ـى راگه‌یاند، به‌غدا كه‌متەرخه‌مه له پێدانى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه بڕیاری دابوو بدرێته خێزانه گه‌ڕاوه‌كان.
وتیشی “له‌كۆى 25 هه‌زار و 600 خێزانى ئاواره ته‌نیا سێ هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه وه‌كو پێویست له زێدى خۆیان خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ دابین نه‌كراوه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ده‌یان خێزان له‌وانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه تاوه‌كو ئێستا بڕه پاره‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه و بیانوش ئه‌وه‌یه كه پاره‌یان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت.
روونیشیكرده‌وه، ئێستا له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى عێراق و هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ى چ چاره‌سه‌رێك بۆ مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ى ئه‌م ئاوارانه بدۆزنه‌وه، ده‌شڵێت “بڕیاری مانه‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دیار نییه تاوه‌كو كه‌ى ده‌مێننه‌وه”.
پێشتر وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق بڕیاری دابوو كه له رۆژى 31.7.2024 ته‌واوى كه‌مپى ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان دابخرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره نه‌چووه‌سه‌ر و زۆربه‌ى كه‌مپه‌كان وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه.