بەهۆی باران و بای بەهێزەوە ستوونی کارەبا کەوتووە

17گوندی ئاغجەلەر ئەم شەو بێ کارەبا دەبن

964+

عەزیز عەبدوڵا – ئاغجەلەر

بەهۆی ئەم باران و با بەهێزەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە ناحیەی ئاغجەلەر پێنج ستوونی کارەبا کەوتوون، بەڕێوبەری ناحیەی ئاغجەلەریش دەڵێت 17 گوند بێ کارەبا دەبن ئەمشەو.

ئاکۆ مستەفا بەڕێوبەری کارەبای ئاغجەلەر بە964ـی وت، “درەنگانێکی ئەمشەو ئاگادار کراینەوە لە کەوتنی پێنج ستونی کارەبا لە ناحیەکەدا، تیمەکانمان راستەوخۆ چوون بۆشوێنی رووداوەکە، بەڵام ستوونەکان بەشێوەیەکی خراپ کەوتوون بەو هۆیەوە زیاتر لە 17 گوند بێ کارەبا دەبن .

وتیشی، هۆکار کەوتنی ستوونەکان ئەو بایە بەهێزە بووە کە رووی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئاغجەلەریش بەدوور نەبووە لە زیانەکانی.

روونیشیکردەوە، خۆم و تەواوی کارمەندەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیداین ئەمشەو بەڵام بەیانی هەوڵدەدەین ستوونی نوێ بۆ ئەو شوێنانە دابین بکەینەوە کە ئەمشەو ستوونەکانییان کەوتووە و بەزووترین کات کارەبا بۆ ئەو 17 گوندە بگەڕێنینەوە .

ناحیەی ئاغجەلەر سەربەقەزای چەمچەماڵە، 35 کیلۆمەتر لە قەزاکەوە دوورە و زیاتر لە 57 گوند دەکەونە سنووری ئەم ناحیەیەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

دوو گوندی ئاغجەلەر بۆری ئاوەکەیان لە سێ شوێن شکاوە

دوو گوندی ئاغجەلەر بۆری ئاوەکەیان لە سێ شوێن شکاوە