پارەى زەویان پێدەدرێت

ئەوانەى لەسەردەمى بەعس ئاوارەى ئێران بوون قەرەبوو دەکرینەوە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە بەرنامەیدایە، ئەو کەسانەى لەسەردەمى رژێمى پێشوو ئاوارەى ئیران بوون، ئەگەر بیسەلمێنن قەرەبوو دەکرێنەوە و دەشگەڕێندرێنەوە سە کارى پێشوویان.

قایمقامییەتى سلێمانى بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەر کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کۆبووەوە.

وەک باسى دەکات، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە باسکردن لەو کارئاسانی و رێکارە کارگێڕییانەى کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ راییکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەی لەساڵی 1968-2003 بەهۆی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە ئاوارەی ئێران بوون و گەڕاونەتەوە.

روونیشکراوەتەوە، بەپێی رێنماییەکان هەموو ئەو کەسانە، دوای ئەوەی بەڵگەی پێویستیان بەردەست دەبێت و لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران یان کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی راساندن(تصدیق)ی بۆدەکرێت، لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پشگیرییان دەکرێت و بەنوسراو دەنێردرێت بۆ نوسینگەی سلێمانی کۆچ و کۆچبەران و لەڕێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی ناوەندەوە قەرەبوو دەکرێنەوە.

بەپێی رێنماییەکان قەرەبووەکان پێکهاتووە لە پێدانی بڕێک پارە وەکو مینحەو پارچەیەک زەوی و گەڕاندنەوەیان بۆسەر کاری پێشووی حکومییان و خانەنشین کردنیان.