ئەو پیاوەى لە ترسى ئیسرائیل ساڵانێکە بە شاراوەیى جوڵە دەکات
مان و نەمانى نەسڕوڵا تاڵە موویەکى بەینە
964+
وریا فەتاح
دژى رێککەوتن بوو لە ئیسرائیل و دەیوت ناتوانین دان بە وڵاتێکدا بنێین کە ناوى ئیسرائیل بێت یان پڕۆسەى ئاشتى لەگەڵ ئەنجام بدەین، کوڕە گەورەکەى و زاوا و بەشێک لە کەسوکارەکەى لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، بەڵام دەیگوت ئیسرائیل لە تۆڕى جاڵجاڵۆکە لاوازترە، ئەمە چیرۆکى حەسەن نەسڕوڵایە کە ئیسرائیل دەڵێت کوشتومانە و حیزبوڵڵاش بێدەنگە.
نەسڕوڵا
پیاوێکى ئایینى و سیاسیى و سەربازى عەمامە بەسەرە، ریشێکى ئەستوورى خۆڵەمێشى هەیە، لە کاروباری ئایینی و سیاسیدا زانیارییەکی بەرفراوانی هەیە، قسەکەر و وتاربێژێکى زۆر باشە و توانای قسەکردنی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ و بەردەوامیش تەحەدا دەکات و پەنجەى هەڕەشە بەکاردێنێت.
چارەنووسی حەسەن نەسڕوڵا چییە؟
حەسەن عەبدولکەریم نەسڕوڵا، لە 31ـى ئابى 1960، لە بنەماڵەیەکى شیعە مەزهەبى لەدایکبووە، لە کۆى دە منداڵ نەسڕوڵا نۆیەمین منداڵ خێزانەکەیان بووە.
پاش بڕینى چەندین پلەى حزبى لە خوارەوە بۆ سەرەوە، سەرەنجام لە 16ـى شوباتى 1992، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵڵاى لوبنانى وەرگرت ئەوەش دواى ئەوەى ئەمیندارى پێشوو، سەید عەباسى موسەوى لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 1992، حیزبوڵڵا بۆ یەکەمجار هاتە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانى لوبنانى و توانى 8 کورسى بباتەوە و لەو رۆژەوە تا ئێستا، ئەو هێزە چەکدارییە شیعییەى دۆستى ئێران، بووە بە توخمێکى سەرەکى لە لوبنان.
نەسڕوڵا یەکێکە لە سەرکردە شیعەکان لە لوبنان، هەروەها رەمزى گروپى مقاوەمەیە دژ بە ئیسرائیل، هەرچەندە حیزبوڵا و نەسڕوڵا لەیەن ئەمەریکا و یەکێتى ئەورووپا و بەشێک لە وڵاتان خراونەتە لیستى تیرۆرەوە، بەڵام لە لوبناندا نەسڕوڵا و حیزبەکەى، لە چەند ساڵى رابردوو سەروەر و سەردار بوون.
حەسەن نەسڕوڵا بەوە ناسراوە کەسێکى توندى سەربازى و هەواڵگرى دژە ئیسرائیلە، ئەو دەڵێت: من دژی هەر جۆرە ئاشتەوایییەکم لەگەڵ ئیسرائیل، تەنانەت دان بە بوونی وڵاتێکدا نانێم بە ناوی ئیسرائیل”.
لە شوێنێکى دیکەدا وتویەتى، دەمەوێت رایبگەیەنم ئەم ئیسرائیلە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەهێزترین هێزی ئاسمانییە لە ناوچەکەدا، “بەخوا لە تۆڕی جاڵجاڵۆکە لاوازترە”.
بە هەمیشەیش جەختى لەسەر قسەیەکى کردووەتەوە کە دەڵێت، “ئیسرائیل شێرپەنجەیە دەبێت بنبڕ بکرێت”.
کلاسیکۆی حەسەن نەسروڵا بێ زیان کۆتایی هات
نەسڕوڵا ساڵانێکى زۆرە بە نهێنى دەژین
لە ساڵی 2006ـەوە و بەدیاریکراوى لە دواى شەڕى کاولکارى نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، نەسڕوڵا بە نهێنى دەژى و دەرکەوتنە ئاشکراکانى لە پەنجەى دەستێک تێپەڕ ناکەن.
هەرچەندە لە چەند چاوپێکەوتنێکدا وتویەتى جوڵە نهێنییەکانم هیچ رێگرییەکم لێناکەن بۆ ئەوەى جوڵە بکەم، بەڵام رێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنى ئەو پیاوە ئەوەندە توند بووە کە قورس بووە ئیسرائیل زەفەرى پێببات.
ناوە ناوە نەسڕوڵا لەگەڵ سەرکردەکانى بەرەى مقاوەمە کۆدەبووە و وینەى بڵاودەکرایەوە یان لە شاشەکانەوە وتارى توندى دەدات، بەڵام دەرکەوتنى ئاشکراى ئەو پیاوە سەخت و دژوار بوو.
ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن و دەڵێن، ئەو پیاوە ئایینییە عەمامە بەسەرە، کە ریشێکى ئەستوورى خۆڵەمێشى هەیە، زانیارییەکی بەرفراوانی هەیە، بەتایبەتی لە کاروباری ئایینی و سیاسیدا، قسەکەرێکی زۆر باشە و توانای قسەکردنی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ و بەردەوامیش تەحەدا دەکات و پەنجەى هەڕەشە بەکاردێنێت.
کاریگەرى ئەو پیاوە ئەوەندە گەورەیە، بە دەگمەن هەیە کەسایەتییەکى شیعە جورئەتى ئەوەى هەبووبێت رەخنەى لێبگرێت یان دژایەتى بکات، ئەگەر رووشیدابێت، رەخنەباران کراوە و لەژێر گوشارى رەخنە و هەڕەشە ناچار بە پەشیمانبوونەوە کراوە.
نەیارە سیاسییەکانى لە لوبنان، بەوە تۆمەتبارى دەکەن وابەستە و ئاڵقەلەگوێى ئێرانە و تاران کۆنتڕۆڵى بڕیار و جوڵەکانى گرتووەتە دەست، هەر بۆیەشە تاران پاڵپشتێکى بەهێزى نەسڕوڵا و حیزبەکەیەتى و بەردەوام پارە و چەکى نوێى پێدەدات.
بە قسەى نەسڕوڵا بێت، حیزبوڵڵا خاوەنى 100 هەزار چەکدارە، تاکە حیزبى لوبنانیشە کە چەکەکانى پاراستووە و بیانوەکەشى رووبەڕووبونەوەى ئیسرائیلە، هەر بۆیە شارەزایان پێیان وایە چەک و جبەخانەى نەسڕوڵا لە چەک و جبەخانەکانى دەوڵەت زۆرتر و گەورەتر و کاریگەرترن.
نەسڕوڵا باوکى 5 منداڵە، بەڵام کوڕە گەورەکەى لە شەڕێکدا لەگەڵ سوپاى ئیسرائیل لە ساڵى 1997 لە تەمەنى 18 ساڵیدا کوژراوە و دواى چەند ساڵێک بەشێک لە پاشماوەى تەرمەکەى گەڕێندرایەوە لوبنان.
ئیسرائیل بە فەرمی كوشتنی حەسەن نەسڕوڵای راگەیاند
نەسڕوڵا کوژراوە؟
تائێستا هەموو شتێک تەمومژاوییەو روون نییە چى بەسەرهاتووە، ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئەو شوێنەیان کردووەتە ئامانج کە نەسروڵای لێبووە، هەر ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل بە فەرمى کوشتنى ئەو سەرکردەیەى بەرەى مقاوەمەى راگەیاند، بەڵام لایەنى لوبنانى و بەتایبەت حیزبوڵڵا، هیچ شتێکیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.