وەزارەتى دارایى رایگەیاند
سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دەست بە دابەشکردنى موچە دەکرێت
964+
ژوورى هەواڵ
وەزارەتى دارایى و ئابوورى رایدەگەیەنێت،بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە، دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى دارایى بڵاوى کردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدادی پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و راگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو.
2- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی 243 ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب راگیرابوون، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە .
3- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.
4- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا 31.12.2024 مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.