جوڵەیەک لە پەڕلەمانەوە

بۆ چاودێریی کاری پارێزگارەکان لیژنە دروست دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

ئیبتسام هیلالی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە جوڵەیەکی پەرلەمانیی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی حکومی و پەرلەمانی راگەیاند، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوونی کاری پارێزگارەکان.

لیژنەکە بە شێوەیەکی خولی راپۆرتەکەی پێشکەش بە هەردوو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست.

هیلالی بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی وتووە، ئەو لیژنە هاوبەشەی کار بۆ پێکهێنانی دەکەین، بەگوێرەی رۆڵی چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ چاودێریکردنی کارەکانی پارێزگار و فەرمانگەکان و تێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ژێرخانی ئابووری لە پارێزگاکاندا.

لیژنە هاوبەشەکە لە ئەندامانی پەرلەمان و هەندێک لە وەزیرەکان پێکدێت، بەو مەرجەی راپۆرتەکەی بە شێوەیەکی خولی پێشکەش بە هەردوو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران بکات بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاری پارێزگارەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەت.