سوتەمەنی دەنێرین و بریندار وەردەگرین

وەزارەتی گواستنەوە: هەموو تیمەکانمان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ بە هاناوەچوونی لوبنان

964+

ژووری هەواڵ

حکومەتی عێراق کەوتووەتە خۆ بۆ ئەوەی زوو فریای لوبنانییەکان بکەوێت، ئێستا بە ئاسمان و وشکانی کۆمەک دەنێرێت و وەزارەتی گواستنەوەش کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: وەزیری گواستنەوە هەموو تیمەکانی وەزارەتەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ بە هاناوەچوونی لوبنان و گەلەکەی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داواکەی مەرجەعی شیعەو رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو بابەتە.

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی گواستنەوە دوای ئەوە هات کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە پردێکی ئاسمانی و زەمینیان دروستکردووە بۆ بە هاناوەچوونی لوبنانییەکان پاش ئەوەی لە هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی ئیسرائیلدا 492 کەس کوژران و 1645 کەس بریندار بوون.

کۆمەکەکانی عێراق دوو جۆری سەرەکییە، یەکەمیان خێرا سوتەمەنی دەگەیەنێتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بێ کارەبا نەبێت و نەخۆشخانەو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە کار نەوەستن، دووەمیان دەربڕینی ئامادەییە بەوەی نەخۆشخانەکانی عێراق ئامادەن بریندارە لوبنانییەکان وەربگرن.

کارەکە هەر بەمەوە نەوەستاوە، عێراق دەیەوێت لەسەر ئاستی دیبلۆماسیش قسەیەکی خێری هەبێت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر ئێکس رایگەیاند: پێشنیاریان کردووە زوو کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرێ بدرێت تا فشار بکەن و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان رابگرن.

عێراق لە زەوی و ئاسمان هاوكاری دەگەیەنێتە لوبنان

عێراق لە زەوی و ئاسمان هاوكاری دەگەیەنێتە لوبنان