حکومەتی ئێران درۆ دەکات

سوپای ئەمریکا: گەرووی هورمز دانەخراوە

شۆڕش قادری

سوپای ئەمریکا دەنگۆی داخستنی گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە و دەڵێت، حکومەتی ئێران درۆ دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “جارێکی دیکە حکومەتی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەرووی هورمزی داخستووە، ئەمەش درۆیە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، راستییەکەی ئەوەیە کە گەرووی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ترانزێتی کەشتییە بازرگانییەکان و ئێران کۆنترۆڵی ناکات.

سێنتکۆم راشیگەیاندووە، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، بەهەزاران کەشتی بە گەرووی هورمز و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا گوزەریان کردووە.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش کاربەدەستانی ئێرانی بە درۆزن لەقەڵەمدا و وتی، باوەڕی پێیان نەماوە.