زیاتر لە 25 هەزار کەس تێرئاو دەکات

کۆمەڵگەی پڕۆژەی ئاوی خانەقین لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

بە گوژمەی یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار کۆمەڵگەی پڕۆژەی ئاوی خانەقین دروستکرا کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 25 هەزار کەس سوودی لێ ببینن.

ئەندازیار عەباس عادل بەڕێوەبەری هۆبەی ئاوی خانەقین بە 964ـی وت، “ئەم پڕۆژەیە ژمارەیەک گەڕەک و گوندی شارەکە لە کێشەی کەمئاوی رزگار دەکات لەوانەش گەڕەکەکانی (ئەرکەوازی – دارەکونارە – یەکێتی – حەی شورتە – ئۆرانۆس- ئەڵوەن ستی – سیروان – گوندی قامیشەڵان و سەید برزۆ).

“پڕۆژەکە لە هەموو لایەکەوە تەواوە و هیچ کەموکورتییەکی تێدانییە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا، پاش گۆڕینی قەفیس و چەند قوفڵێکی کۆن، بە تەواوی دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە “، عەباس عادل وای وت.

سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە لە بەنداوی خانەقینەوە دێت، لەو شوێنەی کە پێی دەوترێت حاجی قەرە و پێشبینی دەکرێت بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی سەرەکی خانەقین بە شێوەیەکی بەرچاو کێشەی کەمئاوی شارەکە چارەسەر بکات.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری