نەخۆشییەکان چین و چۆن خۆت دەپارێزى؟

وەرزى ئەنفلۆنزا دەستى پێکردووە

964+

وریا فەتاح

لەگەڵ هاتنى وەرزى پایز، نەخۆشییە درمییەکان بەتایبەت ئەنفلۆنزا و هەستیارى و تێکچوونى سۆزدارى وەرزى و چەند نەخۆشییەکى دیکە لە ناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، هەموو ئەمانەش پەیوەستن بە گۆڕانکارى لە کەشوهەوا و دابەزینى پلەکانى گەرما.

لێرەدا چەند جۆرێک لەو نەخۆشییە باوانە دەخەینەڕوو کە ئەمانەن:

زیاد بوونی نەخۆشییە درمەکانی وەک:

ئەنفلۆنزا

وەرزی ئەنفلۆنزا بە شێوەیەکی گشتی لە پاییزدا دەست پێدەکات و لە مانگەکانی زستاندا دەگاتە لوتکە، ئەنفلۆنزا زۆر درمییە، بەڵام دەتوانیت بە وەرگرتنی دەرزی ئەنفلۆنزا مەترسییەکانت کەم بکەیتەوە کە  یەکێکە لە  رێگاکان بۆ پاراستنی خۆت و دەوروبەرت.

زوو زوو دەستەکانت بە باشی بە ئاو و سابوون بشۆ، دوور بکەوەرەوە لە دەست لێدانی چاو، لووت یان دەم، دوور بکەوەرەوە لە بەرکەوتنی جەستەیی نزیک لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەزانیت نەخۆشن.

 هەڵامەتی باو

هەڵامەت، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی تووشبوونە لە کۆئەندامی هەناسەدانی سەرەوە کە بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر رووپۆشی لووت و قوڕگ و جیوب دەبێت.

دابەزینى پلەکانی گەرما و زیادبوونی کۆبوونەوە لە ژوورەوە دەبێتە هۆی زیاد بوونی هەڵامەت، بۆ خۆپاراستن پاکوخاوێنی دەستەکان رابگرە و خۆ دوور بگرە لە کەسانی نەخۆش.

 نەخۆشی دەست و پێ و دەم

ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە زۆرجار تووشی منداڵان دەبێت، بەڵام لە گەورەکانیشدا دەتوانێت رووبدات، هەوکردنەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە رێگەی بەرکەوتنی نزیکەوە بڵاودەبێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر تەوقە لەگەڵ کەسێک بکەیت کە نەخۆشە، هەروەها دەتوانێت لە رێگەی هەواوە بڵاوبێتەوە کاتێک کەسێک دەکۆکێت یان پژمین دەکات.

پاکوخاوێنی باشی دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ کەسانی تووشبوو دەتوانێت مەترسی گواستنەوە کەم بکاتەوە.

 هەوکردنی  کۆئەندامی هەناسەدان

هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان وەک هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و هەوکردنی سییەکان دەتوانێت زیاتر بڵاوبێتەوە لەگەڵ سارد بوونى کەشوهەوا، هەوکردنی سییەکان دەتوانێت بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆسەوە بێت، بەزۆری منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵ و کەسانی بەتەمەنن کە تووشی هەوکردنی سییەکان دەبن.

بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە یان نەخۆشییەکیان هەیە کە کاریگەری لەسەر سیستەمی بەرگری لەش هەیە، نەخۆشییەکە دەتوانێت بە تایبەتی مەترسیدار بێت، باشترین شت کە دەتوانیت بیکەیت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش ئەوەیە هەوڵبدەیت بۆ پەرەپێدان و پاراستنی خووی تەندروست، لەوانە چالاکی جەستەیی رێکوپێک و خووی باشی خواردن و خووی باشی خەوتن بەرگری لەش لە بەرامبەر هەوکردنەکان بە گشتی باشتر دەکات.

جگەرەکێشان زیان بە سییەکان دەگەیەنێت و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن زیاد دەکات.

 هەوکردنی گەدە و ریخۆڵە (گەدە)

پلەی گەرمی ساردتر دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی زیاتر لە ژوورەوە و ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی گەدە،  پاکوخاوێنی دەستەکان رابگرە، بەتایبەتی لەکاتی ئامادەکردن و هاوبەشکردنی خواردن،  نیشانەکانی بریتین لە سکچوون و رشانەوە و ئازاری سک و سکچوون

خراپبوونی رەبوو

گۆرانی پلەکانی گەرما دەتوانێت نیشانەکانی رەبو خراپتر بکا، نەخۆشیەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵەوە بە پەیڕەوکردنی دەرمانە نوسراوەکانت و دوورکەوتنەوە لە ماددە هەستیارییەکان،  بە زیاد بوونی تەنگەنەفەسی راوێژ بە دابینکەری چاوەدێری تەندروستی بکە.

 تێکچوونی سۆزداری وەرزی(Seasonal depression)

هەندێک کەس لە مانگەکانی پایز و زستاندا تووشی خەمۆکی یان گۆڕانی باری دەروونی دەبن، کە بە تێکچوونی سۆزداری وەرزی ناسراوە.  بەرکەوتن بە ڕووناکی سروشتی و وەرزشی بەردەوام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان.

دکتۆر لەرێ فریا، پزیشکى نیشتەجێى دێرین و پسپۆڕ لە هەناوى گشتى، سوید

رێنمایی نوێی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە پەتا وەرزییەکان ب...

رێنمایی نوێی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە پەتا وەرزییەکان بڵاوکرایەوە