"بۆ دوورکەوتنەوەتانە لە تای خوێنبەربوون"

بەر لە هاتنی جەژنی قوربان رێنمایی بۆ سەربڕینی ئاژەڵ بڵاودەکرێتەوە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر، چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ سەربڕینی ئاژەڵ و بۆ خۆپاراستن لەتای خوێنبەربوون بڵاودەکاتەوە کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و دەڵێت “رێنماییەکان بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت لەمەترسییەکانی تای خوێنبەربوون”.

بەڕێوەبەرایەتییەکلە داوا دەکات هەموو لایەک پابەندی ئەم رێنماییانە بن، لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشتدا:

بەکارهێنانی جلوبەرگی پارێزەر: لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا، پێویستە جلوبەرگی تایبەتی خۆپارێزی بەکاربهێنرێت وەکو پەنجەوانە، پووت، سەدریە، دەمامک و کڵاو.

مامەڵەی دروست لەگەڵ گۆشت: نابێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بێ پەنجەوانە دەست لە گۆشتی سەربڕاو بدرێت، بەتایبەت لە کاتی وردکردنیدا، دوای تەواوبوون لەکارەکەش، پێویستە دەستەکان بە باشی بە ئاو و سابوون بشۆردرێن.

تەختە و چەقۆی تایبەت بەگۆشت بەکاربهێنرێت و دوای کارکردن پێویستە بەباشی پاکبکرێنەوە.

پاککردنەوەی شوێنەکان: پێویستە ئەو رووکارانەی کە بەخوێن یاخود شلەی گۆشتی تازە پیس بوون، بە گیراوەی فاسی روونکراوە بەباشی پاکبکرێنەوە.

کوڵاندنی گۆشت: کوڵاندنی گۆشتەکە بەشێوەیەکی زۆر باش و تەواو، دەبێتە هۆی سەلامەتبوونی و رێگری دەکات لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە.

دوورکەوتنەوە لەقەرەباڵغی: خۆت بە دوور بگرە لە دروستکردنی قەرەباڵغی لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵدا و هه‌ڵواسینی لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان.

فڕێدانی پاشماوەکان بەشێوازی تەندروست: پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵەکان بخرێتە ناو کیسی تایبەت و حاویەوە، یاخود بەشێوازێکی تەندروست بسوتێندرێت و فڕێ نەدرێتە سەر شەقام و کۆڵانەکان.

هۆشیاری لەبەرامبەر گەنە: لەکاتی هەستکردن بەبوونی گەنە لەسەر لەش، پێویستە بە بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت “مەقاش” لێبکرێتەوە و نابێت بەهیچ شێوەیەک بەدەستی رووت لێبکرێتەوە و پێویستە شوێنەکەش بەباشی پاکبکرێتەوە.