بەشێک لە پرۆگرامەکان گوڕانکاری بەسەردا هاتووە
قوتابییانی دهۆک ئەمساڵ کتێبی چاپی نوێ وەردەگرن
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
زیاتر لە چوار ملیۆن کتێبی چاپی نوێ بەسەر قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێن، بەڕێوەبەری پێدوایستی قوتابخانەکان لە پەروەردەی گشتیی دهۆکیش دەڵێت، ئەمساڵ هەموو قوتابییەک چاپی نوێی کتێب وەردەگرێت، بۆ یەکەمجاریش قوتابیانی پۆلی یەک کتێبی هونەری وەردەگرن .
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکان لە پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیی پەروەردە، بەپێی لیژنەیەکی پسپۆر 100%ی تەوەری کتێبەکان دەگۆڕێت و دواتر دەیاننێرێت بۆ چاپکردن و دابەشکردنیان بەسەر کۆگاکان و لەوێشەوە بۆ قوتابخانەکان.
بێوار تەحسین، بەڕێوەبەری پێداویستی قوتابخانەکان لە پەروەردەی گشتیی دهۆک بە 964ـی وت، “ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن و 600 هەزار کتێبی نوێ گەیشتە کۆگاکانمان و تا ئێستاش پڕۆسەی دابەشکردنی بەسەر باخچە و قوتابخانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی و ناحکومی بەردەوامە، هەوڵیش دەدەین پێش دەستپێکردنی خوێندن سەرجەم کتێبەکان دابەش بکرێن.”
وتیشی، “بۆ ساڵی خوێندنی2024 – 2025، 33 بابەت لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی یەکەمەوە بۆ دوانزەی ئامادەی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، کە بریتین لە بابەتەکانی: بیرکاری پۆلی یەک، زمانی کوردی پۆلەکانی دوو و چوار و هەشت، لەگەڵ رێبەری مامۆستا، زانستی پۆلەکانی دوو و سێ و چوار، پەروەردەی وەرزشی پۆلی هەشت و نۆ، جوگرافیای گشتی پۆلی 10، جوگرافیای سروشتی و مێژووی پۆلی11, ئابووری پولی 10 و 11 و 12”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی ئێزدیاتیی لە پۆلی یەکەمەوە تا دوانزەی بنەڕەتی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە شێوەیەکی نوێ نووسراوە و چاپکراوە و و بڵاودەکرێتەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری پێدوایستی قوتابخانەکان، یەکەم جارە قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی کتێبی هونەری وەردەگرن، بە شێوازێکی نوێ دەخوێنن، بارکۆد لەسەر هەر بابەتێک هەیە و فێری شیعر و وێنەکێشان دەبن.
هەروەها بابەتێکی دیکە بە ناونیشانی “کتێبی چالاکی بیرکاری” زیاد کراوە، کە یارمەت قوتابییان دەدات بەشێوەیەکی ئاسانتر فێرببن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پێدوایستی قوتابخانەکان، لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە هەزار و 500 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر