کەش دەگۆڕێت
لە سبەینێوە پایزە و هەفتەی داهاتووش باران دەبێت
964+
توانا نەقی
لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران بارین زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی گرتووەتەوە و ئەم ئێوارە کۆتایی هات بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان تا بەیانیش بەردەوام دەبێت.
بە پێی پشبینییەکانی کەشناسی ئەم شەپۆلە کۆتایی هاتووە بەڵام لە هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی باران هەرێم دەگرێتەوە و بارانی چاک دەبارێت.
سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، ئەمشەویش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا باران هەر بەردەوام دەبێت و سبەینێ کاریگەرییەکە نامێنێت.
وتیشی، لە رۆژانی 28 و 29ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە ناوچەکانی هەرێـم دەکات و لە سبەینێشەوە 2 دەرەجەیەک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بەڵام ئەویش کاریگەری نابێت لەبەر ئەوەی رۆژ کورت بووە و شەو درێژ بووە.
زستانێکی سەخت لە رێیەو بارانی زۆر و سەرمای توند دەبێت
سەبارەت بە بەردەوامی شەپۆلەکان و باران و پلەکانی گەرمای ئەم زستانە سیروان ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕێ دەکرێت ئەم زستانە زستانێکی تەڕ و پڕ باران بێت، هەروەها زۆریش سارد دەبێت.
ئەو شەپۆلە باران بارینەی لە زاخۆ هاتوو لە پێنجوێن کۆتایی هات، پارێزگای دهۆک باشترین ئیسفادەی لێکرد، کەشناسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 24 کاتژمێردا، زۆرترین بڕی باران لە لە ئامێدی باریوە، کە 25 ملیمەتر بووە.
جگە لە ئامێدی لە دینارتە 23.4 ملیم و لە بامەڕنێ 15.4 ملیم باران باریوە، بەڵام لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و کەرکوک هیچ برێک تۆمارنەکراوە، بەڵام لە سلێمانی نزیکەی 2 ملیم نیو باران باریوە.