لە دووەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی

لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو

964+

شۆڕش قادری

لە دووەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو و رێگەش نەدرا خانەوادەی ژینا لە ماڵەکەیان بێنەدەر و رێوڕەسم بۆ یادی کچەکەیان بکەنەوە.

بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15.9.2024 بەشێک لە کاسبکاران و دوکاندارانی شارەکانی سنە و دیواندەرە و بۆکان و مەریوان و چەند شارێکی تر لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماڵەکانیان نەهاتنە دەرەوە و دوکان و بازاڕیان داخست.

هاوکات لە شاری سەقز بەردەوام هەلیکۆپتەر بە ئاسمانی شارەکەدا سووڕاوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش رێگای گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچییان داخستووە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا بە رادیۆ فەردای راگەیاندووە، “بەیانی ئەمڕۆ لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران پەیوەندی بە ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا کراوە کە لە ماڵ نەچنەدەر، ئەگەر بچنەدەر لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستگیر دەکرێن”.

پێشتر ئەمجەد ئەمینی بە میدیاکانی وتبوو، “ئەگەر هاوشێوەی پار حکومەت رێگەمان لێ نەگرێت، وەک هەر کەسێکی تر مافی خۆمانە و دەمانەوێت رێوڕەسمێک بۆ یادی کچەکەمان بکەینەوە”.

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لەناو میترۆی حەقانی پایتەخت، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا و سێ رۆژ دواتر بە شێوەیەکی گوماناوی لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەی هەر ئەو کات دەسەڵاتدارانی وڵاتیان بە کوشتنی ژینا تۆمەتبار کرد.

دوو ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕی

دوو ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕی

یادی ژینا نزیکە و رێکخراوێک دەڵێ دەستگیرکردن دەستی پێک...

یادی ژینا نزیکە و رێکخراوێک دەڵێ دەستگیرکردن دەستی پێکردووە