"هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت"

بەشی خۆراکی پشدەر داوا لە هاوڵاتیان دەکات پسوڵەی نەوت نوێ بکەنەوە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

بەشی خۆراکی پشدەر داوا لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەکات، پسوڵەی نەوت نوێ بکەنەوە، چونکە بڕیارە هەفتەی داهاتوو نەوت دابەش بکەن.
ئەمیر محەمەد، فەرمانبەری بەشی خۆراکی پشدەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 8.9.2024، بە 964ـی وت، “وابڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو نەوت دابەش بکرێت، بەڵام ئەو پسوڵانەی لە 2014وە چاپکراون، بەشێکیان بەسەرچوون و سوتاون”.
“پسوڵە بەسەرچووەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی سلێمانییەوە بە لیستێک دراون بە وەکیلەکانی خۆراک و بۆ نوێکردنەوەیان هاوڵاتیان دەبێت سەردانی وەکیلەکانیان بکەن”، ئەمیر محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی پسوڵەکانیان بەسەرچووە، لەلایەن وەکیلەکانی خۆراک بڕی پێنج هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت بۆ نوێکردنەوەیان.
داواشی لە هاوڵاتیانی پشدەر کرد، هەرچی زووە پسوڵەکانیان نوێ بکەنەوە، بەپێچەوانەوە بەشە نەوتەکەیان دەفەوتێت و سوودمەند نابن.
سەبارەت بەو پرسە ئه‌بوبه‌كر خدر نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان لە پشده‌ر به‌ 964ـى وت، “بەپێی زانیارییەکانمان بڕیارە هەفتەی داهاتوو نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دابەش بکرێت، هەر ماڵێکیش 200 لیتری پێدەدرێت، جیاواز لە ساڵانی رابردوو تانکەری نەوت عەدادیی لەسەردەبێت، بەو شێوەیەش ناتوانرێت کەم یا زیاتری تێبکات و فێڵی تێدا ناکرێت”.
وتیشی، بۆ ئەو 200 لیتر نەوتە، بڕی 105 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.
هەموو ساڵی رابردوو لە پشدەر، نزیکەی 25 هەزار بەرمیل نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ هاوڵاتیان: پسوڵەی نەوتەکان...

قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ هاوڵاتیان: پسوڵەی نەوتەکانتان نوێبکەنەوە