لەسەر رێگای کەربەلا – بەغدا
رووداوێکی هاتوچۆ خەونی حەوت پزیشکی دواڕۆژی لەگۆڕنا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەسەر رێگای کەربەلا – بەغدا رووداوێکی هاتوچۆی سەخت روویدا و تیایدا حەوت خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی گیانیان لەدەستدا.
کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی بوو، حەوت هاوڕێ، کە جانتاکانیان پڕ بوو لە کتێبی پزیشکی و خەون و خەیاڵیان ساڕێژکردنی برینی خەڵک بوو، بە پێکەنین و ورەیەکی بەرزەوە بەرەو تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بەڕێکەوتن، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و پێش ئەوەی بگەنە هۆڵی تاقیکردنەوە، چیرۆکی ژیانیان لە پێکدادانێکی ترسناکدا کۆتایی هات و خەونە سپییەکانیان تێکەڵی خوێن بوو.
عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی رێگا دەرەکییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین کە خۆی دانیشتووی کەربەلایە، بە 964ـی وت، “رووداوەکە لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری GMC روویداوە کە کاری گواستنەوەی خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆی کەربەلا بووە و تیایدا حەوت خوێندکار گیانیان لەدەستداوە”.
“هێڵکارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خێرایی لەڕادەبەدەر و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکان، هۆکاری سەرەکی رووداوەکە بوون”، موئەیەد عەباس وای وت.
وتیشی، خوێندکارەکان، کە هەموویان لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆلێژی پزیشکی بوون، لە کەربەلاوە بەرەو بەغدا بەڕێوەبوون بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان، بەڵام بەهۆی سەختی پێکدادانەکە، هەر حەوت خوێندکارەکە لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم رووداوە دڵتەزێنە جارێکی دیکە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانەکان و پابەندنەبوون بە خێرایی دیاریکراوی هێنایەوە بەرباس، کە ساڵانە بەهۆی نەبوونی سیستەمی چاودێری ورد و خراپی هەندێک لە رێگا سەرەکییەکان، دەیان گەنج و خوێندکار دەبنە قوربانی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری