كوردێك پلەی یەكەمی لە پاڵەوانیەتیەكی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

+964
دیلان محەمەد – سلێمانی

عومەر فەیسەڵ یاریزانێکی کوردە و لە پاڵەوانیەتیەكی جیهانی تایبەت بە لەشجوانی کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

ئەمڕۆ شەممە، 28ی كانونی دووەمی 2023 لە سلێمانی پاڵەوانیەتی (ئێم پی سی – MPC muscle show pro) بۆ لەشجوانی بە بەشداری نوێنەری 15 وڵات بەڕێوەچوو.

پاڵەوانیەتیەكە یەكێكە لە پاڵەوانیەتە جیهانیەكان بۆ لەشجوانی 200 یاریزان تێیدا بەشداربوون.

یاریزانی لەشجوانی كورد، عومەر فەیسەڵ توانی لەسەر ئاستی كێشی قورس پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت، بە بەرزكردنەوەی 100 كیلۆگرام.

تۆڕی 964 دەزانێت، دادوەرانی پاڵەوانیەتیەكە لە وڵاتی ئەمریكاوە هاتوون و سەرپەرشتی یاریەكەیان کردووە.

لەسەر ئاستی “بۆدی بۆڵدینگ” واتە جوانی لەش، هەر سێ یاریزانی كورد (دانا عەلی و پشتیوان عەبدوڵا و نێچیر ئەحمەد) پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.

زانا حەمید، سەرپەرشتیاری پاڵەوانیەتیەكە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، یەكەم و دووەم و سێیەمی براوەی هەردوو بەشی یاریەكە كە پێكدێن لە بۆدی بۆڵدینگ و كێشی قورس بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیهانی مستەر ئۆڵمپیكی نێودەوڵەتی دەكەن كە لە وڵاتی ئەمریكا ساڵانە بەڕێوەدەچێت.

پاڵەوانیەتی ئێم پی سی جیهانییە و تایبەتە بە یاری لەشجوانی لە بوارەكانی جوانی لەش و بەرزكردنەوەی كێشی قورسدا، ساڵانە لە وڵاتێكی جیاواز دەكرێت، بۆ ساڵی 2023 لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.