71 رۆژنامەنووس دەستگیرکران

+964
هێرۆ مەولودی

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، دەسەڵاتدارانی ئێران 71 رۆژنامەنووسیان دەستگیر کردووە.

لە ماوەی پێنج مانگی خۆپیشاندانەکانی ئێران تا ئێستا 71 رۆژنامەنووس لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیر و زیندانی کراون
بەشی فارسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی ئێران تاک، ئاشکرای دەکات کە 71 رۆژنامەنووس دەستگیر کراون، لەم ژمارەیەدا ئێستا 43 رۆژنامەنووسیان لە زیندانن و ئازاد نەکراون.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان، باسی لەوەش کردووە پێش خۆپیشاندانەکانیش پێنج رۆژنامەنووسی زیندانی کرا بوون.
ئانتۆنی بلانگر، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە قسەی بۆ ئێران تاک کردووە و دەڵێ: داواکاری تایبەتمان بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناردووە بۆ ئازادی خێرا و گەڕانەوەی رۆژنامەنووسان بۆ گەیاندنی راستی هەواڵەکان.
دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر رووداوەکان و خۆپیشاندانەکان، دەسەڵاتدارانی ئێران هاوشانی دەستگیرکردنی چالاکوانان و خۆپیشاندەران، دەیان رۆژنامەنووسیان دەستگیر کردووە.