بە بڕی زیاتر لە دوو دەفتەر دۆلار، نەخۆشخانەی تەقتەق لە لایەن رێکخراوێکی ئەمریکی هاوکاریکرا
بە بڕی 20 هەزار دۆلار ئامێری بۆ کڕیون
رێکخراوێکی ئەمریکی هاوکاری نەخۆشخانەی منداڵبوونی تەقتەقی کرد
گۆڤەند فەتاح
نەخۆشخانەی منداڵبوونی تەقتەق لەلایەن رێکخراوێکی ئەمریکییەوە بەسەرکرایەوە بە دابینکردنی کۆمەڵێک ئامێر و بەڵێنی باشتریشیان پێدراوە.
ئەمڕۆ شەممە 17.8.2024 رێکخراوێکی ئەمریکی بە ناوی (LDC) بێبەرامبەر کۆمەڵێک پێداویستی بە بڕی 20 هەزار دۆلار بۆ بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی تەقتەق دابینکرد و بەڵێنی پرۆژەی دیکەشی داوە بە نەخۆشخانەکە.
نەبەز حەمەخان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تەقتەق، بە 964ـی وت، لە لایەن ئەو رێکخراوەوە تەواوی پێداویستییەکانی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە دابینکرا، پێداویستییەکانیش بریتین لە چوار قەرەوێڵەی لەدایکبوون و چەند ئامێرێک و تەواوی پێداویستییەکانی بەشەکەیان دابین کردووە کە نرخەکەی زیاترە لە دوو دەفتەر دۆلار.
وتیشی، “داوامان لێکردوون کە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەش هاوکارمان بن، ئەوانیش بەڵێنی هاوکاری زیاتریان پێداوین بۆ هەر پێداویستییەکی تری نەخۆشخانەکە”.
بە هۆی دۆخی ئابووریی و پەراوێزخستنی، نەخۆشخانەی تەقتەق کۆمەڵێک کەموکورتی و کێشەی کەمی ئامێری تەندروستیی هەیە، بۆیە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بە دڵخۆشییەوە چاوەڕێی هاوکارییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی