یەكێك لەو شوێنانەی كەركوك كە پیسی و زبڵی لێ كۆبووەتەوە
پارێزگار هۆشداری داوە
ئەمڕۆ هەڵمەتی پاككردنەوەی كەركوك دەستپێدەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای ئەوەی پارێزگاری نوێی كەركوك داوای كرد هەڵمەتی پاككردنەوەی شارەكە لە زبڵ و خۆڵ و خاشاك ئەنجام بدرێ، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە دەستپێدەكات و شارەوانیی دەڵێت، هەڵمەتەكە فراوانە و بەردەوام دەبێت.
عەدنان شوكر بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانیی كەركوك، ئەمڕۆ شەممە بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتەكە دەستپێدەكات و هەر شەش كەرتی شارەوانی بەشدار دەبن، پلانەكە وایە تەواوی گەڕەك و شەقامەكانی كەركوك پاك بكرێتەوە.
وتیشی، هەڵمەتەكە دوای راسپاردەكەی پارێزگاری نوێی كەركوكە، كە كۆتایی هەفتەی رابردوو رایگەیاند پێویستە شارەكە لە زبڵ و خاشاك پاك بكرێتەوە.
عەدنان شوكر ئاماژەی بەوەدا، سێ كەرتی شارەوانیی كەركوك بە كارمەند و ئامێری خۆیان كاردەكەن و سێ كەرتی دیكەشیان لە ئەستۆی دوو كۆمپانیان و كارمەند و كەلوپەل و ئامێرەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.
“هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و پێویستە تەواوی شارەكە پاك بكرێتەوە”، ئەمە قسەی بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانیی كەركوكە.
كۆتایی هەفتەی رابردوو پارێزگاری نوێی كەركوك رێبوار تەها كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانیی شارەكە و هەموو بەشەكانی شارەوانی و كۆمپانیای تایبەتمەند بە پاككردنەوەی زبڵ و خاشاكی شارەكە ئەنجام دا، لەوێدا رایگەیاند، ماوهی دوو هەفتەیان مۆڵەت ههیه بۆ پاککردنەوەی شەقام و گهڕهكهكانی شار و رێوشوێنی یەکلاکەرەوە دەگرنەبەر و كهمتهرخهم نابن.
هەروەها لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوكرایەوە، پارێزگاری نوێی كەركوك هۆشداریی دەداتە لایەنە بەرپرسەكانی پاككردنەوەی شار، ئەگەر لە دوو هەفتەدا شارەكە بە تەواوی پاك نەكەنەوە، گرێبەستەكانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.