بۆ پۆلی خوێندنە یا ژووری بەڕێوەبەر؟
پەروەردە ١٨٤ ژوور بۆ قوتابخانەکان دروست دەکات
میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر
وەزارەتی پەروەردە کەوتووەتە خۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و ١٨٤ ژووری نوێ دروستدەكات، بەڵام هێشتا ئەوە ساغ نەبۆتەوە ئاخۆ ئەو ژوورە بۆ قوتابیانە یا مامۆستایان.
وەزارەتی پەروەردە لەراگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ٦ ملیار دیناری بۆ وەزارەتەكەیان تەرخانكردووە، بڕیاریانداوە بە دروستكردنی ١٨٤ ژووری نوێ لە قوتابخانەكان نۆژەنكردنەوەی ٢٩٣ قوتابخانە.
سامان سیوەیلی وتەبیژی وەزارەتی پەروەردە بە میدیازانی راگەیاند نوسراو ئاڕاستەی پەروەردەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك دەكەن، هەر قوتابخانەیەك پێویستی بە دروستكردنی ژورێكی نوێ هەیە بەنوسراو وەڵامی پەروەردە بدەنەوە و ژوورەكەیان بۆ دروستدەكرێت.
بەڵام سیوەیلی یەکلای نەکردەوە ئاخۆ کێ لەو ژوورانە سوودمەند دەبێ ‘بەپێی داواكاری قوتابخانەكانە و ئێمە هەوڵدەدەین زیاتر بۆ پۆل دروستبكرێت بۆ قوتابییەكان، نەك بۆ ژووری بەڕێوبەر و مامۆستاكان’.
پێشتر ، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو كە پێویستیان بە دروستكردنی هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە بەڵام بەهۆی كەمی پارەوە ناتوانن هەموو قوتابخانەكان دروستبكەن.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی ١ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار قوتابی و ١٣٠ هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە هەیە و ٣ هەزار و ٧١٠ قوتابخانەش بوونی هەیە، بەشێکیان پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە.