ئاگادارى هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ به‌

ئه‌م رێنماییانه‌ى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان بخوێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رمانى ساخته‌ بناسیت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هاوڵاتیان به‌ هه‌شت رێنمایی ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ر شوێنێك ده‌رمانى ساخته‌یان بینى بیناسنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سایته‌ ئۆنلاینه‌ جیهانییه‌كان، كه‌ ئێستا هاوڵاتیان به‌ فراوانى روویان تێكردووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆنتڕۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی ده‌رمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكی KMCA کە سەر بە وەزارەتی تەندروستییە، له‌گه‌ڵ ئه‌م رێنماییانه‌ ئاگادارى هاوڵاتیانیش ده‌كاته‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانى هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ خۆیان به‌دوور بگرن كه‌ له‌كاتى بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌رمانه‌كان ده‌نووسرێت “خێرا چاكبونه‌وه‌” چونكه‌ ده‌ڵێت بۆ به‌رهه‌مێك ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ساخته‌یه‌.

یه‌كه‌م: ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك چاره‌سه‌رده‌كات

كڕیاران به‌ هیوای درۆیینه‌ فریو ده‌درێن كاتێك ده‌گوترێت ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانت چاره‌سه‌ر ده‌كات، له‌ راستیدا له‌ رووی زانستییه‌وه‌ هیچ به‌رهه‌مێك و ده‌رمانێك نییه‌ كه‌ بتوانێت چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك بكات.

دووه‌م: به‌كارهێنانی به‌ڵگه‌ی كه‌سی له‌جیاتی به‌ڵگه‌ و توێژینه‌وه‌ی زانستی

ساخته‌كاران خۆیان یان چه‌ند كه‌سانێك یان كۆمێنت و لێدوانی چه‌ند كه‌سانێك وه‌ك به‌ڵگه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان به‌كارهێناون و ده‌ڵێن 100% سودیان لێ بینیون، ئه‌و به‌ڵگه‌ كه‌سییانه‌ له‌جیاتی خستنه‌ڕووی به‌ڵگه‌ و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانیان به‌كارده‌هێنن.

سێیه‌م: چاككردنه‌وه‌ به‌خێرایی

به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی “خێرا چاكبوونه‌وه‌” بۆ به‌رهه‌مێك به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ساخته‌یه‌، چونكه‌ له‌ رووی زانستییه‌وه‌ هیچ ده‌رمانێك ناتوانێت نه‌خۆشییه‌ك به‌خێرایی چاكبكاته‌وه‌، نمونه‌ی ئه‌و جۆره‌ بانگه‌شانه‌، وه‌ك “به‌خێرایی له‌ماوه‌ی مانگێكدا ده‌ كیلۆ له‌ كێشت دابه‌زێنه‌”، “به‌خێرایی له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات”، “له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا سییه‌كانت پاكده‌كاته‌وه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی جگه‌ره‌كێشان”.

چواره‌م: به‌رهه‌مه‌كه‌ 100% سروشتییه‌

هه‌رگیز به‌و جۆره‌ بانگه‌شه‌یه‌ بۆ هیچ به‌رهه‌مێكی ده‌رمانسازی هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن، چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ سروشتیبونی به‌رهه‌مێك مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ته‌واو سه‌لامه‌ته‌، چه‌ندان روه‌ك، قارچك و ئه‌نزیمی گیانداران هه‌ن كه‌ سروشتین به‌ڵام ژه‌هراوین، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ پێیانده‌گوترێت سروشتی، له‌ شیكردنه‌وه‌ تاقیگه‌ییه‌كاندا ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ پڕن له‌ مادده‌ی شاراوه‌ و مه‌ترسیدار كه‌ ژیانی به‌كارهێنه‌ران ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

پێنجه‌م: چاره‌سه‌ری موعجیزه‌ ئاسا دۆزرایه‌وه‌

دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و په‌سه‌ندكردنی كاری دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كانی بواری ده‌رمانه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری دنیادا، كاتێك كارگه‌یه‌ك، كۆمپانیایه‌ك، سه‌نته‌رێك یاخود زانكۆیه‌ك ده‌رمانێك پێشده‌خات و سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی هه‌ڵسانگاندنی تاقیگه‌یی و كلینیكی پێده‌كات، دواتر ئه‌نجامی كاریگه‌ری و سه‌لامه‌تیی ده‌رمانه‌كه‌ له‌ رێگای توێژینه‌وه‌ی وردی زانستییه‌وه‌ پێشكه‌شی دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كانی ده‌رمان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن، دوای په‌سه‌ندكردن یان ره‌تكردنه‌وه‌، دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كان ئه‌نجامه‌كان راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ كاری په‌یج و سایته‌كانی سۆشیال میدیا نییه‌ كه‌ ده‌رمانی دۆزراوه‌ رابگه‌یه‌نن، دواتر هیچ ده‌رمانێكی موعجیزه‌ و سحراوی نییه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری 100% یان هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك بكات.

شه‌شه‌م: به‌كارهێنانی بیردۆزی پیلانگێڕی بۆ بانگه‌شه‌كان

“ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ موعجیزه‌ ئاسایه‌ كه‌ هیچ حكومه‌تێك یان كۆمپانیایه‌ك نایه‌وێت خه‌ڵك پێیبزانێت چونكه‌ سه‌رجه‌م نه‌خۆشییه‌كان چاره‌سه‌رده‌كات و كۆتایی به‌ بازرگانییه‌كه‌یان ده‌هێنێت” ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ساخته‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندروستی ده‌فرۆشرێت به‌ڵام به‌هیوای په‌یداكردنی كڕیار، ساخته‌كاران بانگه‌شه‌ی ساخته‌ی بۆ دروستده‌كه‌ن.

حه‌وته‌م: به‌رهه‌مه‌كه‌ كارتی گه‌ره‌نتی له‌گه‌ڵدایه‌

كارتی گه‌ره‌نتی بۆچی؟ بۆ گه‌ره‌نتیی كاریگه‌ری و سه‌لامه‌تی؟ له‌سه‌ر چ پێوه‌رێكی زانستی ئه‌و كارته‌ ده‌درێت؟ ئایه‌ ئه‌و كارته‌ باوه‌ڕپێكراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندروستیی وڵاته‌وه‌؟ نه‌خێر ئه‌وه‌ ته‌نها كارتێكی ساخته‌یه‌ بۆ فریودانی كڕیاران.

هه‌شته‌م: ئه‌گه‌ر سودت له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ نه‌بینی پاره‌كه‌ت وه‌ربگره‌وه‌

بانگه‌شه‌یه‌كی ته‌واو فریوده‌رانه‌یه‌، چونكه‌ كاتێك به‌رهه‌مێك كه‌ به‌ ئۆنلاین ده‌كڕدرێت و خاوه‌ن و كه‌سه‌كانی نادیارن، كڕیار ناتوانێت له‌كاتی سودوه‌رنه‌گرتن مافی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌، دواتر هیچ ده‌رمانێك نییه‌ كه‌ گه‌ره‌نتیی سه‌داسه‌د چاكبونه‌وه‌ بدات تا له‌ ئه‌گه‌ری چاكنه‌بونه‌وه‌ كڕیار داوای قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

كۆمپانیا و كۆگاكان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ب...

كۆمپانیا و كۆگاكان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ به‌م ده‌رمانه‌ ساخه‌ته‌یه‌ نه‌كه‌ن