ئیفراز بە تەواوی کاردەکات
سەرجەم “شادەمارەکانی” دابینکردنی ئاوی هەولێر کەوتنەکار
964+
ئەحمەد مستەفا
ئاوی هەولێر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وێنەی کارمەندەکانی لەناو پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، ئەوەی راگەیاند، “هەر حەوت پەمپەکەی شادەماری دابینکردنی ئاوی پاك لە شاری هەولێر کەوتوونەتە کار”.
بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتری ئاوی پاك بۆ دانیشتووانی هەولێر تیمی کارمەندانی میکانیکی و کارەبایی پڕۆژەی ئیفراز سێ، هەستاون بە کارەکە.
لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 14.8.2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەوەشی وتووە، “کارمەندەکان هەستاون بە دانانەوە و بەکارخستنەوەی سێت پەمپی تۆرباینی ستوونی ئینتێك ژمارە شەش ئەوەش پاش نۆژەنکردنەوە، بە گۆڕینی ئەو پارچانەی کە لەکارکەوتبوون لە پەمپەکەدا”.
ئاوی هەولێر وەک راگەیاندنی کۆتایی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی و چاککردنەوەی بۆری شکاوی ئاوی ئیفراز سێ ئەوەی بە هاوڵاتییانی هەولێر ووتوە، “کە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ، ئێستا بە تەواوی توانای کاردەکات و ئاوی پاک بۆ ماڵان بە گوێرەی خشتەی بەرکار دابیندەکات”.
پێشتر رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ی وتبوو، پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنى وێستگەیەکی دیكەی پڕۆژەى پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ، بە توانای (500 مەتر سێ جا ئاو) لە کاتژمێرێك دەکەوێتەکار، کە کۆی گشتی لە رۆژێکدا (60 هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.