ئیدارەى شارەکە هۆشدارى بە بریکارەکان دەدات

بەشێک لە دانیشتوانى قەڵادزێ نیگەرانن لە بریکارەکانى غاز

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەشێک لە هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی قەڵادزێ دەڵێن، هیچ غاز فرۆشێک غازمان بۆ پڕناکاتەوە پێمان دەڵێن ئێوە بریکاری خۆتان هەیە، بەڵام تائێستا هیچ بریکارێک نەهاتووە ناومان تۆمار بکات، ناشزانین بریکاریی ئێمە کێیە، نوێنەرى سامانە سروشتییەکانى پشدەریش دەڵێت، هەر بریکارێک پابەندی رێنمایەکانی ئەوان نەبێت یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

محەمەد ئەبوبکر خێزاندارە و دانیشتوی قەڵادزێی قسەى بۆ 964 کردو وتى،”لەو گۆڕانکارییەی کە کراوە بارگرانیمان بۆدروست بووە، بریکارێکی غازفرۆشتن هاتووە وتی هەرکات غازتان ویست پەیوەندی بەئێمەوە بکەن، بەڵام مانگی تەنیا یەک بوتڵتان بۆدێنین، ئێمە مانگی بوتڵێک غازمان بەش ناکات، یەک رۆژ نانی پێ بکەین بوتڵێکمان دەوێت، ئەی کە بوتڵەکە بڕا چی بکەم، ناچارین تەکسی بگرین و بچین لەبازاڕ پڕی بکەینەوە، هەمووجارێ ئەمەش ناکرێت و لەڕوی نرخەوە زیاتریشمان لەسەر دەکەوێت”.

ئەستى حوسێن دانیشتوویەکى دیکەى قەڵادزێیە و هەمان کێشەى هەیە، وەک باسى دەکات مانگانە بەلاى کەمەوە دوو بۆ سێ بوتڵى غازیان پێویستە،بەڵام ئێستا غازیان نییە وەک دەڵێت،”هیچ بریکارێکى غازیش نەهاتووە بڵێت من بریکارى ئێوەم و غازتان بۆ پڕدەکەمەوە”.

لەسەرەتاى 2024ـەوە، لە قەڵادزێ بە میکانیزمێکى نوێ غاز بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرێت، وەک ئەوەى بەکر بایز، قایمقامى قەزاى پشدەر لە لێدوانێکى پێشووتردا بۆ 964 روونى کردبووەوە، گەڕەکەکان لەیەکترى دادەبڕن و زۆن زۆن جیاى دەکەنەوە، هەر بریکارێک 200 بۆ 300 ماڵى پێ دەسپێردرێت و دەبێت بە بەردەوامى غازیان بۆ ببات و ناتوانێت لە دەرەوەى ئەو زۆنەى خۆى بگەڕێت و غاز بفرۆشێت.

قایمقامى پشدەر: غازى ماڵان یەک دینار گران نەبووە

قایمقامى پشدەر: غازى ماڵان یەک دینار گران نەبووە

بەپێى ئەو بەرنامەیەى قایمقامییەتى قەزاى پشدەر دایناوە، فۆرم بۆ ماڵان دروست دەکرێت، هەر جارێک غاز وەربگرن لەسەر فۆڕمەکە دیاریى دەکەن.

لاى خۆیەوە، ئه‌بوبه‌كر خدر، نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ قەزاى پشده‌ر به‌ 964ـى وت،” ئێمە بریکارەکانمان دابەش کردون بەسەر ناوچەکەدا هەر غاز فرۆشەو سنوورێکمان بۆدیاری کردون، هاوڵاتیان پەیوەندی بەو غازفرۆشەوە دەکەن و بوتڵەکەیان بۆ پڕ دەکاتەوە، لەئێستادا ئەم رێکخستنە کەمێکی ماوە، تاکو ماڵەکان ئاشنادەبن بەو بریکارەی بۆ سنوورەکەى  دانراوە دواتر چارەسەر دەبێت و کێشە نامێنێت”.

“مانگی بوتڵێک دانەنراوە بۆ ماڵان، بەڵکو چەند جار پێویستیان بەغاز بێت خاوەن ماڵ پەیوەندی بە بریکارەکەیەوە دەکات و بۆی پڕدەکاتەوە، ئەمە دوورە لە راستیەوە کە دەڵێن مانگی بوتڵێک دانراوە”، ئەبوبەکر خدر واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، هەر هاوڵاتییەک پەیوەندی بە بریکاری غازفرشەوە بکات و وەڵامى نەدرێتەوە بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزاى پێبژاردنى بەسەردا دەسەپێنن.

به‌پێی ئەو زانیاریەی نوێنەرى سامانه‌ سروشتییه‌كان لە قەزاى پشدەر بە 964ـى داوه‌، له‌سنوورى قه‌زاى پشده‌ر 38 بریكارى دابه‌شكردنى غاز هه‌یه‌ پێنج کارگەى پڕکردنەوەى بوتڵى غاز هەیە کە یەک بوتڵ غاز هەشت هەزار و 500 دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح