خەڵک قسەی جیاوازییان کردووە

چی یادگارییەکت هەیە لە مۆندیال و بیرت ناچێتەوە

ئەحمەد شەمزین و ئەحمەد محەمەد

ئەمڕۆ پەیامنێرانی 964، لە سلێمانی و هەولێر چوونە ناوبازاڕ و ژمارەیەک پرسیاریان لە خەڵکی کرد دەربارەی ئەزموونیان لەگەڵ مۆندیال و یانە دڵخوازەکانیان، ئەوان چیرۆکی جیاواز باسدەکەن، بەڵام کۆدەنگییەک هەستی پێ دەکرێ بۆ جیاوازبوونی مۆندیال لەسەرجەم خولەکانی دیکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەورەترین و فراوانترین خولی مۆندیال لە مێژوودا بە فەرمی لە یاریگای مێژوویی “ئەزتێکا” لە مەکسیكۆ سیتی بە یاری نێوان مەکسیكی میواندار و ئەفریقای باشوور دەستپێدەکات. مۆندیالی ئەمساڵ بە بەشداری 48 هەڵبژاردە و ئەنجامدانی 104 یاری لە سێ وڵاتی جیاواز (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیك) بەڕێوەدەچێت، بەڵام دۆخی توندی سیاسی و ناڕەزایەتییەکان سێبەری شێواندنیان بەسەر کەرنەڤاڵەکەدا کێشاوە.

لە رووی وەرزشییەوە، چاوەکان هەموو لەسەر کۆتا دەرکەوتنی دوو ئەستێرە مێژووییەکەی جیهانن، لیۆنێل مێسی دەیەوێت کۆتا بەشداریی خۆی بە شانازییەکی تر کۆتایی پێ بهێنێت، لە بەرامبەردا کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 41 ساڵ دەجەنگێت بۆ بەدەستهێنانی تاکە نازناو کە لە مێژوویدا نەبووە.

هاوکات بەڕازیلی خاوەن 5 ئەستێرە بە راهێنەرایەتی کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی دەیەوێت دوای 20 ساڵ وشکەساڵی نازناوەکە بباتەوە، و ئینگلتەراش بە راهێنەرایەتی تۆماس تۆخێل دەیەوێت کۆتایی بە 60 ساڵ لە نائومێدی بهێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە، هەڵبژاردەی ئەمریکا بە راهێنەرایەتی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرجەنتینی، چاوی لەوەیە گەورەترین شۆک لە مێژووی مۆندیالدا دروست بکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا