لە گوندێکی ناحیەی دینارتە
ورچ زیانێکی زۆری بە هەنگەوانان گەیاند
964+
ژێوار خدر
لە گوندی هەنارەی ناحیەی دینارتە، ورچ پەلاماری سندوقی هەنگی هاوڵاتییەکی داوە و هاوڵاتییەکەش دەڵێت، ساڵانە بەهۆی ورچەوە زەرەر و زیانێکی زۆرمان بەردەکەوێت.
محەمەد زێباری هەنگەوانێکی گوندەکەیە بە 964ـی وت، ساڵانە ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە و تا ئێستا چەند جارێک ورچ پەلاماری هەنگەکانی داوین، زەرەرەکەیشی بە پێی ئەو سندوقانە لێکدەدرێتەوە، کە تێکیان دەدات.
”هەندێک ساڵ هەبووە 10 سندوقی تێکداوە”
وتیشی، ”ئەمساڵ هەنگەکانمان لە دوو شوێنی جیاوازی گوندەکە دانابوو، کە ناوچەی شاخاوی و دوور لە ئاوەدانین، 300 هەنگمان دانابوو ناچار بووین لەبەر ورچ پاسەوانی بۆ دابنێین، پاسەوانەکە شەوانە بە 30 هەزار دینار پاسەوانی هەنگەکانی بۆ دەکردین، کە دوو ملیۆنمان پێداوە.”
“ئەو شوێنەی ورچەکە پەلاماری سندوقەکانی لێ داوە، تەنیا کیلۆمەترێک دوور بووە لە ئاوەدانییەوە، هەرچەندە تەنیا پەلاماری یەک سندوقی داوە، بەڵام زیاتر لە 300 هەزار دینار زەرەرمان لێ کەوتووە، چونکە لانی کەم حەوت کیلۆ هەنگوینی تێدابووە.” محەمەد زێباری وای وت.
ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت، جگە لە هەنگوینەکە، هەنگەکانیشمان بەهۆی پەلامارەکەوە لەناو دەچن، هەندێ ساڵ هەبووە 10 سندوقیان تێکداوە.