به‌م زوانه‌ په‌تاته‌ش بۆ قه‌ته‌ر ده‌چێت

زیاتر له‌ 400 هه‌زار تۆن به‌رهه‌مى هاوینه‌ى جوتیارانى هه‌ولێر ره‌وانه‌ى پارێزگاكانى عێراق كراوه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی ئامارێكى به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى گشتى كشتوكاڵى هه‌ولێر، ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 400 هه‌زار تۆن به‌روبوومى هاوینه‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ ره‌وانه‌ى شاره‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق كراوه‌ و پلانێكیش هه‌یه‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا به‌رهه‌مى په‌تاته‌ ره‌وانه‌ى وڵاتى قه‌ته‌ر بكرێت.

هێمن سه‌ید موراد به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ولێر بۆ 964 ئاشكراده‌كات كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌نارده‌ى به‌رهه‌مه‌كانى جوتیاران له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى عێراق هه‌روه‌ها بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش.

وتیشی “ته‌نیا ئه‌مساڵ 24 هه‌زار و 365 پشتگیریمان داوه‌ته‌ جوتیاران بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بكه‌ن”.

به‌رهه‌مه‌ هاوینییه‌كان بریتین له‌ ته‌ماته،‌ خه‌یار، پیاز، سه‌وزه‌كان و په‌تاته‌.

رۆژانه‌ زیاتر له‌ 200 بارهه‌ڵگر له‌هه‌ولێره‌وه‌ هه‌نارده‌ى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت.

به‌قسه‌ى هێمن سه‌ید موراد، دۆخى ئه‌مساڵى جوتیاران باشتره‌ له‌ ساڵی پار و هه‌م له‌رووى زیادبوونى رێژه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان و هه‌میش له‌رووى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌رهه‌مه‌كان ده‌شڵێت “به‌راود به‌ساڵى پار نرخى جومله‌ بۆ هەر كیلۆیەك ته‌ماته‌ و خه‌یار و پیاز نزیكه‌ى 250 دینارى چووه‌ته‌ سه‌ر و له‌باره‌ى پەتاتەشه‌وه‌ پارساڵ نرخى كیلۆیه‌ك به‌ 250 دینار بوو به‌ڵام ئه‌مساڵ تاوه‌كو 600 دینار ده‌كات”.

ئاشكراشی كرد، به‌م زووانه‌ جارێكی دیكه‌ په‌تاته‌ى هه‌ولێر بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق هه‌نارده‌ ده‌كرێت و ئه‌مجاره‌ بۆ وڵاتى قه‌ته‌ره‌، وه‌ك باسی كرد رێكاره‌كانى ناردنیان ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام جارێ رێژه‌ى به‌رهه‌مى په‌تاته‌كه‌ و رۆژى ناردنه‌كه‌ى دیار نییه‌.

کاروانی یەکەمی پەتاتەی هەولێر رەوانەی ئیماڕات کرا

کاروانی یەکەمی پەتاتەی هەولێر رەوانەی ئیماڕات کرا