وەزارەتی تەندروستی روونكردنەوەی دەبێت
کەسێک لە هەولێر بە نەخۆشی ئایدز گیانی لەدەست دا
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 5.8.2024 هاوڵاتییەك لە شاری هەولێر بەنەخۆشی ئایدز گیانی لەدەست دا، وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت چاوەڕێ بكەن روونكردنەوە دەدەین.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناوەندێكی تەندروستیی هەولێر بە 964ی وت، هاوڵاتییەكە تەمەنی 40 ساڵە و هەڵگری نەخۆشی ئایدز بوو، دەمێكە تووشی ئایدز بووە و دۆخی نەخۆشییەکەی لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بوو، بەداخەوە کۆچی دوایی کرد”.
وتیشی، هاوڵاتییەكە خێزاندارە و هاوسەرەکەشی تووش بووە، بەڵام ئێستا چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستی زۆرباشە.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سەرچاوەیەی هەواڵەكەی بە 964 داوە پشتڕاستكراوەیە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سەركار سورچی بە 964ی وت، “خەریكی لێكۆڵینەوەین لە راستی و دروستی زانیارییەكانی كەیسی نەخۆشەكە و لە زووترین كاتدا روونكردنەوە بڵاودەكەینەوە”.
ئایدز چییە؟
ئایدز نهخۆشییەکی ترسناكه و تا ئێستا چارهسهر و ڤاكسینی بۆ نهدۆزراوهتهوه، كه دەبێتە ھۆی دابەزینی توانای کۆئەندامی بەرگری لەش، کە بەھۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.
ئایدز به چهند هۆكارێك له مرۆڤێكی نهخۆشهوه بۆ یهكێكی ساغ دهگوازرێتهوه، لهوانه سێكسكردن، گواستنەوەی خوێن، بهكارهێنانی كهلوپهلی تووشبو.
به گوێرهی زانیاریی ناوهنده تهندروستییهكان، لە ساڵی 1981ەوە تا ئێستا ئایدز زیاتر لە 25 ملیۆن کەسی کوشتووە، ئێستاش نزیکەی 33 ملیۆن کەس لە جیھان تووشی ئایدز هاتوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا