چاودێری كردنى توندكراوه‌

كۆتربازه‌كان چه‌ند جارێك قوفڵى (مناره‌ى چۆڵى)ـى هه‌ولێریان شكاندووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شوێنه‌وارى هه‌ولێر ده‌ڵێت، چه‌ند جارێك قوفڵى ده‌رگاكانى مناره‌ى چۆڵى هه‌ولێر شكێندراوه‌، دوای ئه‌وه‌ى به‌داواداچوونیان كردووه‌، بۆیان ئاشكرا بووه‌ كه‌ كۆتربازه‌كان ئه‌م كاره‌یان كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ 964 له‌ شوێنه‌وارى هه‌رێم وه‌ریگرتووه‌، كلیلی قوفڵى ده‌رگاكانى مناره‌ى چۆڵى هه‌ولێر ته‌نیا له‌لایه‌ن دوو شوێنى په‌یوه‌ندیدارن، ئه‌وانیش پارێزگاى هه‌ولێر و شوێنه‌وارى ئه‌م پارێزگایه‌ن.

مناره‌كه‌، دوو ده‌رگاى هه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌و ده‌رگایانه‌ قوفڵ و كلیلی تایبه‌تى هه‌یه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ى مناره‌ش ده‌رگایه‌كى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌چیته‌ ناو مناره‌كه‌وه‌.

نادر بابه‌ك، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى هه‌ولێر، بۆ 964 ئاشكراى كرد، چه‌ند جارێك قوفڵى ئه‌و ده‌رگایانه‌ شكاون و ئه‌وانیش قوفڵى نوێیان بۆ دابین كردوونه‌ته‌وه‌.

وتیشی “به‌دواداچوونى شكاندنى قوفڵه‌كانمان كرد ده‌ركه‌وت كه‌سانى نه‌ناسراو كه‌ حه‌زو خولیاى كۆتریان هه‌یه‌، ئه‌م كاره‌یان كردووه‌”.

كاتێك 964 چووه‌ ناو مناره‌كه‌ و به‌ قادرمه‌كانى سه‌ركه‌وت، بینى له‌سه‌ر زۆربه‌ى پلیكانه‌ى قادرمه‌كانى ژماره‌یه‌كی زۆر كۆترى لێیه‌و هێلانه‌یان دروستكردووه‌.

شوێنه‌وارى هه‌ولێر له‌دواى ئه‌م رووادوانه‌وه‌ ووردتر چاوى خستووه‌ته‌ سه‌ر مناره‌ و به‌رده‌وام پاسه‌وانێكی بۆ داناوه‌ و به‌نیازیشن كامێراى چاودێرى له‌ چوارده‌ورى مناره‌كه‌ جێگیر بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى جارێكى دیكه‌ كۆتربازه‌كان نه‌توانن زه‌فه‌ر به‌ مناره‌ ببه‌نه‌وه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، مناره‌ى چۆڵى هه‌ولێر ته‌مه‌نى نزیكه‌ى 800 ساڵه‌ و له‌ سه‌رده‌مى سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین (فه‌رمانڕه‌وای ئه‌وكاتى هه‌ولێر)، دروستكراوه‌.

لە شوێنەواری گردی لەشکری هەولێر شوێنەواری زۆر دۆزراون...

لە شوێنەواری گردی لەشکری هەولێر شوێنەواری زۆر دۆزراونەتەوە