لەتاو بۆنەکەی میوانیان رۆیشت

ئاوەڕۆی پڕۆژەی ناوداران لە کۆیە بۆنی دێ

دەریا ئەحمەد – کۆیە

ئاوەڕۆیەکی کراوە بەشێک لە دانیشتوانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ناوداران لە کۆیە هەراسان کردووە، وەک خۆیان دەڵێن بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا بەهۆی زۆری بۆنی ئاوەڕۆکە ناچارین موبەریدە بکوژێننەوە تا بۆن نەهێنێتە ژورەوە.

سەرۆکی شارەوانی کۆیە دەڵێ، ئەم پڕۆژەیە ئەرکی فەرمانگەی ئاوەڕۆیە کە ئەو فەرمانگەیە لە کۆیە بوونی نیە و دەبێ لە هەولێرەوە تیم بنێردرێ.

دانیشتوانی پڕۆژەکە بە 964ـیان وت، لەوەرزێکی وەک ئێستا دا کە گەرمایە، لە کاتەکانی شەودا بۆنی ئەو ئاوەڕۆیە بە تەواوی هەراسانیان دەکات و ناوێرین لەبەر بۆنەکەی بێینە دەرەوە و تەنانەت توشی نەخۆشیش بوون.

نزیکەی 70ماڵی پڕۆژەکە ناچارین بەشەو موبەریدەکان بکوژێنینەوە، چونکە بۆنەکەی دێنێتە ژوورەوە و وەک دەڵێن، ئەوەش خۆیان و ماڵ و منداڵ و تەنانەت میوانەکانیشی هەراسان کردووە، دەشڵێن، لە وەرزی زستانیش دا لە هەمان ئاوەڕۆوە لافاو دروست دەبێت و دێتە ناو ماڵەکانمان و ساڵانە چەندین ماڵ زیانمەند دەبن.

محەمەد میرحاج سەرۆکی شارەوانی کۆیە لەسەر ئەم بابەتە بە 964ـی وت، ئەمە ئیشی فەرمانگەی ئاوەڕۆیە، بەڵام ئەم فەرمانگەیە لە کۆیە دا بوونی نیە و دەبێت ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەری ئەم کێشەیە بکات.

ئاوەڕۆکە لەنێوان پڕۆژەی سەیران سیتی و پڕۆژەی ناوداران دایە و درێژیەکەی کەمترە لە 1 کیلۆمەتر و پێویستی بەوەیە بکرێت بە ئاوەڕۆی سندوقی، بەڵام وەک دانیشتوانی پڕۆژەکە وتیان ئەمە بووەتە ناکۆکی لەنێوان هەردوو پڕۆژەکەدا و هەریەکەیان بە ئەرکی ئەوی تری دەزانێت و هیچیان جێبەجێی ناکەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا