"داوای گەڕانەوەیان دەکەن"
ئاوارەکانی سەرێکانی لەبەردەم پارێزگای حەسەکە گردبوونەوە
ژووری هەواڵ
ژمارەیەک لە ئاوارەکانی ناوچەی سەرێکانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و تێیدا داوای گەڕانەوەی ئارام و بێ مەرجییان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرد.
خۆپیشاندەران کە وێنەی قوربانیانی شەڕ و دروشمی “گەڕانەوەی ئارام مافێکی رەوایە”یان بەرزکردبووەوە، رەخنەی توندیان لە بێدەنگی و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکە گرت لە ئاست گرفتەکانیاندا.
جومعە رەشید، یەکێک لە ئاوارەکانی سەرێکانی لە کاتی گردبوونەوەکەدا بە 964ـی راگەیاند: “ئێمە هاوشێوەی ئاوارەکانی دیکەی وڵات مافی خۆمانە بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان، بەڵام ئێستا موڵک و ماڵی خۆمانمان لێ حەرام کراوە و لەوێ دەیفرۆشن”.
ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، کە رێگرییەکی زۆر لە گەڕانەوەیان دەکرێت و وتی: “بۆ ئەوەی رێگەمان پێبدەن بگەڕێینەوە سەر خاک و ماڵی خۆمان، داوای بڕی 14 هەزار تا 20 هەزار دۆلارمان لێدەکەن و هەڕەشەی جیاوازیشمان لێدەکرێت”.
ئاوارەکانی سەرێکانی لە ئێستادا لە ناو کەمپەکانی (وەشۆکانی، تەلاعیع و سەرێکانی) لە دۆخێکی مرۆیی قورسدا دەژین و بەهۆی گەرمای بەتینی هاوین و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەباوە، داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانایانەوە بچن و زەمینەی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان هاوکاربن.