لە 12ـى نیوەڕۆوە بۆ 12ـى شەو
دەوامى پزیشک و کارمەندانى سەرنتەرى گورچیلەى دەستکردى چەمچەماڵ دەگۆڕدرێت
964+
وریا فەتاح
29 نەخۆشیان هەیە و تەندروستى چەمچەماڵیش ئاگاداریان دەکاتەوە کە لە سبەینێوە دەوامى پزیشک و کارمەندانى سەنتەرى گورچیلە دەگۆڕێت.
بەپێى ئاگادارییەکى بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ، لە سبەینێ پێنج شەممە 1.8.2024ـەوە، کاتی دەوامی پزیشک و کارمەندانی سەنتەری گورچیلەی دەستکرد بۆ ماوەى مانگێک دەگۆڕێت.
ئاشکراشکراوە کە لەو مانگەدا دەوام لە کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ دەستپێدەکات و لە 12ـى شەو کۆتایى دێت.
شەریف رەحیم، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ بە 964ـى وت، گوڕینی خشتەی پێدانی کارەبا لە سنوورى چەمچەماڵ، هۆکارى گۆڕینى کاتى دەوامى سەنتەرەکەیە، چونکە ئێستا دوانیوەڕۆیان کارەباى نیشتمانى هەیە بۆیە بەناچارى دەوام گۆراوە.
“ئەوانەى شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ دەکرێت پێویستیان بە چوار کاتژمێرە و نابێت لەو ماوەیەدا کارەبا ببڕێت”، شەریف رەحیم واى وت.
بەپێى ئەو ئامارانەى تەندروستى چەمچەماڵ بە 964ـى داوە، رۆژانە 10 بۆ 12 کەس لە سەنتەرى گورچیلەى دەستکرد، شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ دەکرێت، 29 نەخۆشى گورچیلەش لە سنوورى چەمچەماڵ بوونى هەیە.
بەپێى خشتنەى نوێى دەوامى سەنتەرى گورچیلەى دەستکردى چەمچەماڵ، داوا دەکریت ئەو کەسانەى وادەى شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ دانراوە بەپێى خشتەى نوێى دەوام سەردانیان بکەن.
لە ئامارەکانى تەندروستى چەمچەماڵدا هاتووە، لە مانگى رابردوودا، سەنتەرى شوشتنەوەى گورچیلەى دەستکردى چەمچەماڵ 229 جار شوشتنەوەى گورچیلەیان بۆ نەخۆشەکانیان ئەنجامداوە واتا رۆژانە زیاتر لە 7 شوشتنەوە ئەنجامدراوە.