گەشتە ئاسمانییەكانی كوردستان و عێراق بۆ لوبنان رانەگیراوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بۆ فڕۆكەخانەی بەیروت ئاسایین و رانەگیراون، وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش هەمان زانیارییان پشتڕاستكردەوە.
ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ گەشتێكی فڕۆكەمان لە فڕۆكەخانەی هەولێر بەرەو بەیروت هەبووە و بێ كێشە ئەنجامدراوە، گەشتەكانیشمان رانەوەستاون و بەردەوامن.
لە لایەكی دیكەشەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رەتیکردەوە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی بۆ بەیروت راگیرابێت.
مەیپام ئەلسافی، وتەبێژی وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: وەزارەتی گواستنەوە بەردەوامیی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ بەیروت پشتڕاستدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “هیچ راستییەک لە هەواڵی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراقەوە بۆ لوبنان نییە”.
لە هەندێ سەرچاوە و سۆشیال میدیا وابڵاوكرایەوە كە بەهۆی گرژییەكانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ لوبنان راگرتووە.