زیاتر لە 300 ماڵی تێدایە
گەڕەکێکی کۆیە 10 ساڵە هەیە و قوتابخانە و نەخۆشخانەی نییە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دانیشتووانی گەڕەکی ناودارانی شاری کۆیە، بەهۆی نەبوونی قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکەیان کە 10 ساڵە هەیە نیگەرانن و چەند جارێکیش لە رێگەی پەروەردە و تەندروستیی کۆیەوە داوایان بەرز کردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە.
گەڕەکی ناوداران زیاتر لە 300 ماڵی تێدایە، بە دووری دوو کیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری کۆیەیە، دەکەوێتە سەر رێگەی گوندەکانی کۆیە.
شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، بە 964ی وت، ئێمە چوار ساڵە لە رێگەی دانیشتووانی گوندەکەوە داوامان بەرزکردووەتەوە بۆ وەزارەت، وەزیری پەروەردەش خۆی بریاریدابوو کە قوتابخانەیەک دروستبکرێت، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە، لەگەڵ قایمقامی کۆیەش سەردانی گەرەکەکەمان کردووە و زەوی قوتابخانەکەمان دیاری کردووە، ئەوەی کە ماوەتەوە وەزارەت رەزامەندی لەسەر بدات.
وشیار ستار، لێپرسراوی هۆبەی ئەندازەی تەندروستیی کۆیە، بە 964ی وت، لە گەرەکی فیدرالی نزیک ئەو گەرەکە شوێنێکمان دەستنیشانکردووە بۆ دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی، لە ساڵی 218ەوە دەرخستەمان کردووە و گەیاندوومانە بە وەزارەت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری دەرچوونی دروستکردنی بنکەکە نەدراوە هۆکارەکەشی دۆخی دارایی حکومەت بوو.
جگە لە قوتابخانە و نەخۆشخانە، گەرەکی ناوداران بە دەست نەبوونی داینگە و باخچەی ساوایان و پارکەوە دەناڵێنن، چەند ساڵیشە داوا دەکەن بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش