80 جووتیار سوودی لێ دەبینن

پۆندەکەی بجیل سێ مانگی دیكە تەواو دەبێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دروستکردنی پۆندی بجیل کە لە ساڵی 2014 وە، بڕیاری دروستکردنی درا و دواتر وەستێندرا، ئێستا کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە و نزیکە لەوەی نیوەی پرۆژەکە تەواو بکرێت.

پۆندەکە بچووکە و دەکەوێتە ناحیەی بجیل و بە  314 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 29.7.2024، بڕوا فاروق، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل بە 964ی وت، “ئەم پۆندە یەکەم پۆندە لە سنووری ناحیەی بجیل دروست دەکرێت، کە سوودێکی زۆری دەبێت بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵیدا و جووتیاران دەتوانن ئاوی كۆكراوەی پۆندەكە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەكاری بهێنن”.

وتیشی، ئەو پۆندە گرنگی دەبێت بۆ ئاودانی برنج، کە ساڵانە لە سنوورەکەیان برنج  بە رێژەیەکی زۆر دەچێندرێت، هەروەها بەرزی پۆندەکە 13.5 مەتر دەبێت و دەتوانرێت 95 هەزار مەتری چوارگۆشە ئاوی تێدا کۆبکرێتەوە.

بە قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل، بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی وشکەساڵی، پرۆژەکە بە پێویست زانراوە، پێشبینیش کراوە 80 دۆنم زەوی لە دەوروبەی پۆندەکە پڕ ئاو بکات و  زیاتر لە 80 جووتیار سوودی لێ دەبینن، پێشبینیش دەکرێت تا سێ مانگی تر پرۆژەکە تەواو بكرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا