ئەمڕۆ خنکان زۆرە
لە سنوورى زاخۆ پیاوێکى تەمەن 55 ساڵ خنکا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دواى ئەوەى لە نوێژى هەینى گەڕابووەوە، پیاوێکى تەمەن 55 ساڵانى دانیشتووى دهۆک لە سنوورى قەزاى زاخۆ، خۆى دەخاتە ئاوى رووبارى گوندى گۆفکێ و دەخنکێت، و دواتر تەرمەکەى دەدۆزێتەوە.
پیاوەکە ناوی (ج.ف) و تەمەن 55 ساڵانە.
جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـى وت،”ئەو کەسەى خنکاوە بەمەبەستى گەشتکردن رووى لە سنوورى گوندى گۆفکێ کردبوو، دواتر لەوێ چووە بۆ نوێژى هەینى و لە کاتى گەڕانەوە بەهۆى گەرماوە خۆى خستووەتە ناو ئاوەکە و ویستویەتى مەلە بکات، بەڵام دیارنامێنێت و دواتر کاتژمێر 5:00 تەرمەکەى بە خنکاوى دۆزرایەوە”.
تەرمى ئەو پیاوە رەوانەى پزیشکى دادى زاخۆکراوە، بەپێى ئامارەکانى بەرگرى شارستانى زاخۆش، تەنیا ئەمساڵ لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ نۆ حاڵەتى خنکان تۆمارکراون و تەرمى هەموویان دۆزراوەتەوە جگە لە منداڵێکى 5 ساڵان کە تائێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح