چوار كامێرا جێگیر كراوە
رێگای سەرەكی تاسڵوجە – چەمچەماڵ بەكامێرای خاڵ بۆ خاڵ كۆنتڕۆڵ دەكرێت
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
ماوەی چەند رۆژێك دەبێت، كۆمپانیای جێبەجێكار دەستیكردوە بە جێگیركردنی كامێراكانی پۆینت تو پۆینت لەسەر رێگای سەرەكی تاسڵوجە _ چەمچەماڵ، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت، “بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادار نییەو پڕۆژەی كەرتی تایبەتە”.
پڕۆژەی جێگیركردنی كامێراكان لە سەرەتای دەروازەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات، تا دەگاتە نزیك بازگەی بانی مەقان و لەئێستادا چوار كامێرا لەهەردوو سایدی رۆشتن و هاتن جێگیركراوە.
پەیامنێری 964 هەوڵیدا لە نزیك كاركردنی ستافی جێبەجێكاری كۆمپانیا چەند دیمەنێك بگوازێتەوە، بەڵام لەلایەن تیمێك لەئاسایشی سلێمانی كە بۆ پارێزگاریكردن لە ستافی كۆمپانیاكە لە شوێنەكە جێگیركراون، رێگەی پێنەدراوە دیمەنەكان تۆماربكات.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە 964 پەیوەندی كرد بە بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی و وتی، “پڕۆژەكە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیەوە نییە، كەرتی تایبەت جێبەجێی دەكات و هیچ شتێك دەربارەی نازانین”.
باسی لەوە كرد، دڵنیایی دەدەینە خەڵكی بێ ئاگاداركردنەوەیان كامێراكان ناخرێنە كار، هەر كاتێك كامێراكان جێگیركران بەتەواوەتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بە هاوڵاتیان رادەگەیەنین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی